٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەرپرسێکی گۆڕان دەیەوێت گه‌نجانی خه‌لیفان بۆ حەشدی شەعبی تۆمار بکات

سەرچاوە: KDP.info

 
سۆران-KDP.info-  حکوومەتی عێراق لە ڕێی بەرپرسێکی بزووتنەوەی گۆڕانەوە، دەیەوێت لە ناحیەی خەلیفان خەڵک چەکدار بکات؛ به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌دێكه‌ش دەڵێت، ڕێگرییان کردووە لە تۆمارکردنی خەڵکی ناوچەکە. گوتیشی، بە ھیچ شێوەیەک ڕێ نادەن خەڵکی ناوچەکە بۆ ھێزێک ناونووس بکرێت، کە سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە نەبێت.

(کاروان کەریم خان) بەڕێوەبەری ناحیەی خەلیفان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''چەند ڕۆژێکە لە سنووری ناحیەی خەلیفان، سەر بە قەزای سۆران، فۆڕمێک بۆ تۆمارکردنی ناوی گەنجانی ناوچەکە بۆ نێو حەشدی شەعبی تۆمار دەکرێت، کارەکەش لەلایەن ئەندامێکی جڤاتی گۆڕانەوە سەرپەرشتی دەکرێت، بە گوتەی ئەو بەرپرسەی گۆڕان، گوایا ناو تۆمارکردنەکە بۆ پاسەوانیی سنوورە و لەلایەن بەغداوە ڕاسپێردراوە خەڵکی ناوچەکە چەکدار بکات، بەڵام لەژێر ھەرناوێکدا بێت، ناونووسینەکە بۆ ڕیزەکانی حەشدی شەعبییە و ھەرناوێکی لێ دەنێن ئارەزووی خۆیانە.''

هەڵکەوتەی جیۆگرافیای خەلیفان وایه‌ كه‌ کەوتووەتە سەرڕێی هاملتۆن و زیاتر لە 50 گوندی لەخۆ گرتووە، لە ڕووی ئیدارییەوە سەر بە قەزای سۆرانە، لەوێدا گۆڕان دەیەوێت، خەڵکێک بۆ نێو حەشدی شەعبی پەلکێش بکات و فریویان بدات، بەڵام (کاروان کەریم خان)  گوتی، ناهێڵن لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە هیچ هێزێکی دیکە لەو دەڤەرەدا دروست بکرێت و ئاماژەیشی دا: ''زانیاریی ئەوەمان لا نییە، چەند کەس ناویان تۆمار کراوە، بەڵام وەک حکوومەت بەھیچ شێوەیەک ڕێ نادەین لە سنووری ئێمە خەڵک بۆ ڕیزەکانی حەشدی شەعبی و ھەرھێزێکی دیکەی دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە تۆمار بکرێت، ڕێگرییشمان لەو فۆڕمە کردووە، چونکە مادام لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگەیە، دەچێتە چوارچێوەی دەرەوەی یاسا و قبووڵی ناکەین.''

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار