مستەفا شەفیق: پەکەکە دەیەوێت لەژێر پەردەی کوردایەتیدا ھاوشێوەی ڕژێمەکان کورد بێدەنگ بکات
__2017_03_16_h19m40s2__HK.jpg)
ڕۆژئاوای کوردستان-KDP.info- (پەکەکە) چارەنووسی ڕۆژئاوای کوردستانی بەرەو بندەستیی ڕژێمی سووریا بردووەتەوە و ئەوانەی وەک (پەکەکە) بیر ناکەنەوە،ناهێڵێ هیچ جۆرە چالاکییەکیان هەبێت. شارەزای کاروباری ڕۆژئاوای کوردستانیش، (مستەفا شەفیق) لەو باوەڕەدایە، کە (پەیەدە) ھاوشێوەی ڕژێمەکان، ھەرجارە و بە بیانوویەک زوڵم لە کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان دەکات، بەڵام ئەوان لەژێر پەردەی کوردایەتیدا ئەو ستەمە دەکەن.
چاودێرانی سیاسی لە ڕۆژئاوای کوردستان زۆریان شرۆڤەی ئەو بابەتە کردووە، کە (پەکەکە) ڕۆژئاوای کوردستانی ڕادەستی ڕژێمی سووریا کردووەتەوە و بەڵگەش بەوە دەردەخەن، کە (پەکەکە) لەژێر ناوی (پەیەدە)دا، لە ڕۆژئاوای کوردستان، مانگی ١٢ی ساڵی ڕابردوو، لە ڕمێڵان کۆنگرەیەکی گرێ دا و لەوێدا ناوی ڕۆژئاوای کوردستانی بۆ باکووری سووریا گۆڕێ و لەژێر گوشاری ڕژێمی سووریادا ئەو کارەی کرد، چونکە ڕژێمی سووریا گوشاری بۆهێنان، کە نابێ لە ناوچەکەدا هیچ ئاماژە و ئاسۆیەک بۆ سەربەخۆییی ڕۆژئاوای کوردستان هەبێت، ئەمەش لەلایەن جەماوەری ڕۆژئاوای کوردستان و (ئەنەکەسە)وە ناڕەزایییەکی زۆری لێ کەوتەوە و لەو کاتەشەوە هەواڵگریی ڕژێمی سووریا (پەکەکە)ی ڕاسپارد، ئەو بزووتنەوە جەماوەرییە سەرکوت بکات، کە (ئەنەکەسە) بۆ هەڵبڕینی دەنگی جەماوەری ڕۆژئاوای کوردستان دەستی پێ کردبوو، تا هیچ دەنگێک نەبێت، داوای سەربەخۆیی و دیاریکردنی چارەنووسی ڕۆژئاوای کوردستان بکات. ئێستاش کە (پەکەکە) گرتووخانەکانی پڕکردووە لە ئەندامانی (ئەنەکەسە) و سیستەمێکی تۆتالیتاری لە ناوچەکەدا دروست کردووە، بۆ ئەوەیە کە هیچ
بۆچوونێک لەدژی (پەکەکە) نەبێت. سەبارەت بەم پرسە، شارەزای کاروباری ڕۆژئاوای کوردستان، (مستەفا شەفیق)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''(پەیەدە) ھەر لە سەرەتای بەدەستەوەگرتنی دەسەڵاتەوە دژایەتی لەگەڵ حزبەکانی دیکە دەکات و ئەو سیاسەتمەدار و ڕۆشنبیرانەی کە بۆچوونیان لەگەڵ ئەوان جیایە و بەردەوام فشاریان لەسەر دروست دەکات، بۆیە ھەرجارێک بیانوویەکیان وەدەست بکەوێت، زیاتر زوڵمیان لێ دەکات.''
(مستەفا شەفیق) دەشڵێ: ''(پەیەدە) دەیەوێت ھاوشێوەی ڕژێمەکان، کورد بێدەنگ بکات، بەڵام ئەمانە بە شێوەیەکی جیاوازتر و لەژێر پەردەی کوردایەتیدا ئەوکارە دەکەن.''
ئەو شارەزایەی ڕۆژئاوای کوردستان سەبارەت بەو ڕووداوەی ئەم دوایییە لە شنگال دروست بوو، ڕوونی کردەوە: ''شنگال پرسێکی تایبەت بە ھەرێمی کوردستانە و بوونی ھەرھێزێک بەبێ ڕازیبوونی ھەرێمی کوردستان نابێت، (پەکەکە) ئەمەی کردووەتە بیانوو و (ئەنەکەسە) و سیاسەتمەدارانی کوردی ڕۆژئاوای کوردستانی کردووەتە ئامانج.''
(مستەفا شەفیق) دەشڵێ: ''ئەوکارەی (پەکەکە) بەشێکە لەو سیاسەتە بەردەوامەی کە لەلایەن ڕژێمە داگیرکەرەکانەوە بەڕێوە دەچێت، بۆیە پێمان وایە ئەو سیاسەتە چۆن سوودی بۆ ڕژێمەکان نەبوو، کە سەدان ساڵ کوردیان چەوساندەوە و ئێستا دەستەڵاتیان نەماوە، بۆ (پەکەکە)ش سوودی نابێت.''
بڵند ئیبراھیم




