د. بازیانی: پیلانی پەلکێشکردنی هاووڵاتی کورد بۆ نێو حەشدیشەعبی، لە داعش مەترسیدارترە

هەولێر-KDP.info- بەرپرسی سەنتەری ھودا بۆ توێژینەوە پێی وایە، پەلکێشکردنی ھاووڵاتیانی کورد بۆ نێو حەشدیشەعبی، جۆرێکە لە "جاشایەتی" بەڵام ترسناکتر لە جاشایەتی پێشوو و، دەڵێ، "نابێت لێی بێدەنگ بین."
(د.محەمەد بازیانی) بەرپرسی سەنتەری ھودا بۆ توێژینەوە، چوونی خەڵکی کورد بۆ نێو ریزەکانی حەشد شەعبی بە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر میللەتی کورد ناو دەبات و، باوەڕی وایە کە ھەمان دیاردەی جاشایەتیی پێشووە بە شێوازێکی مەزھەبی دورست دەبێت، ئەو بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی جەختی کردەوە "جاشایەتیی جاران زۆر ئاسانتر بوو لەوەی حەشدیشەعبی کورد چەکدار دەکات، چونکە جگە لەوە دەیکات بە چەکداری خۆی لە ڕووی بیروباوەڕیشەوە ئەو کوردانە دەگۆڕێ و، بۆ ھەمیشە دەیانکات بە دوژمنی کورد، ئەمە حاڵەتێکە بە ڕاستی زۆر مەترسیدارە، ئەگەر حکوومەت و سەرکردایەتیی کورد وریا نەبێت لەو پرسە، ئەوا زۆر مەترسیدارترە لە داعش."
وەک بەرپرسی سەنتەری ھودا بۆ توێژینەوە ئاماژەی دا، ھۆکاری چوونی ھەندێ ھاووڵاتی کورد بۆ نێو حەشدیشەعبی بۆ ئەو قەیرانە دارایییە دەگەڕێتەوە کە میللەتی ئێمە تێیکەوتووە، بەتایبەت لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، (د.محەمەد بازیانی) ڕوونتری کردەوە، "ھۆکارێکی دیکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە میدیای کوردی وەک پێویست کاری نەکردووە بۆ ئەوەی ئینتیمای نەتەوەییی گەنجانی کورد بۆ کوردستان بێت، دەبێت بەخۆداچوونەوە ھەبێت لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، چونکە پیلانێک ھەیە دژی ئەزموونی ھەرێمی کوردستان، بەتایبەت ئێستا ئەگەر نێوماڵی خۆمان رێکبخەین، دەوڵەتی کوردستان بەڕێوەیە، ئەمەی حەشدیشەعبییش یەکێکە لە پیلانەکان تا کورد لەنێو خۆیدا سەرقاڵ بێت بەیەکەوە و، ئەو ستراتیژ و ئاواتە گەورەیە لە دەست بدات کە دەوڵەتی سەربەخۆیە."
(بازیانی) بە پێویستی دەزانێ، وەزارەتی پێشمەرگە دەرگای دامەزراندن بۆ ھاووڵاتیانی کورد لە ناوچە کوردستانییەکان بکاتەوە، لەبەرئەوەی گەنجان و لاوانی کورد بە ھۆی بێکارییەوە پەنا دەبەنە بەر حەشدیشەعبی بێ ئەوەی باوەڕیان پێی ھەبێت.
ئەو گوتیشی "لە ڕووی نەتەوەیی و مەزھەبییەوە ھاووڵاتیانی کورد رێکناکەون لەگەل حەشدیشەعبی، ھەر لە ئێستاوە ھەڕەشە لە ھاووڵاتیانی کورد و ئەزموونی ھەرێمی کوردستان دەکەن، ئەگەر دەرگای دامەزراندن بۆیان بکرێتەوە، ئەوا ھاووڵاتیانی کورد نابن بە حەشدیشەعبی."
قائید میرۆ




