٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شاخەوان عەبدوڵڵا: "مالیکی پەکەکە دەجووڵێنێت؛ چەندین بەڵگە هەیە کە هاوکارییان دەکات"

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق ئاشكرای کرد، ((پەکەکە)) داردەستی (مالیكی)یە و بەگوێرەی ئەو دیكیۆمێنتانەی لەبەردەستدا هەن، (مالیكی) بە چەندین شێوە و قۆناخ هاوكاریی ((پەکەکە))ی كردووە و لەڕێی فڕۆكەخانەی سلێمانیشەوە چەك و تەقەمەنیی بۆ قەندیل ناردووە.

(شاخاوان عەبدوڵڵا) بە ماڵپەڕی‌ فەرمیی پارتی‌ دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ''لە ساڵی ٢٠١٥دا كۆمەڵێك بەڵگەنامەم خستەڕوو، كە دەریاندەخست لە ناوچەی شنگال لەلایەن حەشدی شەعبی و (مالیكی)یەوە 2 ملیار و 600 ملیۆن دینار دراوە بە (پەکەکە) و بە هەموو شێوەیەك هەوڵیان دەدا ئێزدییەكان بە لاڕێدا ببەن، بەڵام ئەمەیان بۆ نەچووەسەر و نەیانتوانی خەڵكی ناوچەكە بە پارە و بەندوباو بۆ لای خۆیان ڕابكێشن. كەچی چوون لە قەندیل و سووریاوە ئەندام و كادیری (پەکەکە)یان هێنا و لە ناوچەی شنگال جێگیریان كردن، تا هەم دژ بە هەنگاوەكانی سەربەخۆییی هەرێمی كوردستان كار بكات و، هەم پارێزگاری لە سنوورەكانی ئێران بكات و وەك بینیمان بەگژ حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێرانیشدا چوو.''

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەیشی دا: ''بەداخەوە، لەبری ئەوەی (پەکەکە) حزبێكی شۆڕشگێر بێت و هەوڵ بدات كیانێكی سیاسی لە باكووری كوردستان دروست بكات، لەدژی هەرێم كار بۆ ئەم وڵات و ئەو وڵات و ئەو تاقم دەكات. لە ڕۆژئاوای كوردستانیش زیانێكی زۆری بە گەلی كورد گەیاندووە و لە دوایەمین زیاندا ڕۆڵەکانی كوردی بەكوشت دان و شەڕی داعشی پێ كردن و لەو لایشەوە ناوچە ئازادكراوەكانی ڕادەستی هێزەكانی (ئەسەد) کردەوە، كە تا سەرئێسقان دژ بە مافەكانی كوردە. لە باكووری كوردستانیش هەر خەڵكی بەكوشت داوە و ماڵی وێران كردوون، ئەی كوا دەستكەوتی؟ لە باشووری كوردستانیش شەڕ لەگەڵ حكوومەتی هەرێم دەكات و دەیەوێت حكوومەتی عێراق بگەڕێنێتەوە بۆ ئەم ناوچانە، كە نە بە (پەکەکە) و نە بە هیچ لایەنێك جارێكی تر، حكوومەت و سوپای عێراق ناگەڕێنەوە بۆ ناوچە كوردستانییەكان. (پەکەکە) بووەتە بزاوتێكی بەكرێگیراو.''

(شاخاوان عەبدوڵڵا) ئاشكرایشی كرد: ''(پەکەکە) یەكێكە لە دەستكەلا و داشەكانی (مالیكی)، بەگوێرەی ئەو دیكیۆمێنتانەی لەبەردەستمدا هەن، (مالیكی) بە چەندین شێوە و قۆناخ هاوكاریی (پەکەکە)ی كردووە و لەڕێی فرۆكەخانەی سلێمانیشەوە چەك و تەقەمەنیی بۆ قەندیل ناردووە، هەر پرۆسە و پڕۆژەیەك لەدژی كورد هەبێت، دەستێكی (مالیكی)شی تێدا هەیە و لێرەدا (پەکەکە) و (مالیكی) هاوبەش و هاوبیر و هاوپرۆگرامن لە دژی گەلی كورد.''

سەرباز واحد
 

هەواڵی پەیوەندیدار