شارەزایەکی ئابووری: بە قۆرخکردنی سنوورەکان، پەکەکە جووڵەی ئابووری سنووردار کردووە

دهۆک-KDP.info- شارەزایەکی ئابووری دەڵێ، چەتەکانی پەکەکە لەسەر سنوور رێگرن لە جووڵەی بازرگانی و زۆرترین گومرک دەستێنن و گوتی، لەسەر سنوری سووریا ھەموو بازرگانییەکیان قۆرخ کردووە و تەنیا رێگە بەو بارزگانانە دەدرێت کار بکەن کە سەر بە پەکەکەن.
(کاوە دۆسکی) شارەزای ئابووری، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند "بەھۆی ھەڵکەوتەی جیۆگرافییەوە، ھەرێمی کوردستان بووەتە سەنتەرێکی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان چوار وڵاتی ناوچەکە، بەتایبەت خەریکە شەڕی داعش کۆتایی دێت و خەڵکێکی زۆر دەتوانێ سوود لەو جووڵە بازرگانیانە وەربگرێت کە ھەرێمی کوردستان لەگەل وڵاتانی سووریا و تورکیا و ئێران ھەیەتی، بەڵام بەداخەوە ھەڕەشەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان کاریگەریی زۆری کردووەتە سەر رەوشی ھەناردە و ھاوردەکردنی کەلوپەل لە سنوورەکانەوە، چونکە ئەو خاڵە سنوورییە نێودەوڵەتیانەی ھەن بەشی ئەو ھەموو جووڵە بازرگانییە ناکەن، خۆی دەروازەیەکی وەک ئیبراھیم خەلیل بەس نییە بۆ ئەوەی بازرگانی لەگەڵ تورکیا و ناوچەکە بکرێت، بۆیە ھەرێمی کوردستان بەردەوام ھەوڵی داوە خاڵی دیکەش بکرێنەوە و لە رێگای دیکەشەوە برەو بە جووڵی بازرگانی بدرێت."
ئەو شارەزایە جەخت دەکاتەوە "ئەگەر پەکەکە رێگری نەکات ئەمساڵ رەوشی بازرگانی زۆر گەشە دەکات، عێراق و ئێران و سووریا پێویستیان بە ھەرێمی کوردستان ھەیە تا لەو رێگایەوە بازرگانی بکەن لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە.. ساڵی رابردوو بەھۆی تێکچوونی رەوشی سنوور لە دیوی تورکیا، بازرگانانی ئێمە لە تورکیاوە دەچوونە ئێران و لەوێوە کەلوپەلەکانیان دەگەیاندە ھەرێمی کوردستان، هەڵبەت ئەوەش زیانی بە ھەرێمی کوردستان گەیاندبوو چونکە رێیەکی دوورتریان دەبڕی و خەرڤییەکەی زیاتر دەکەوتە سەر کاڵاکان."
(کاوە دۆسکی) هەرەها گوتی "دوای بەرپاربوونی شۆڕشی گەلانی سووریا، جووڵەیەکی بازرگانی زۆر پەیدابوو لەنێوان ھەرێمی کوردستان و سووریا، بەڵام بەداخەوە پەکەکە دەروازە سنوورییەکانی لەگەڵ رۆژئاوای کوردستان قۆرخ کردووە، رێ نادات ھەموو شتێک ھاوردە بکرێت، ئەوەش زیانی بە ھەردوولا گەیاندووە، ئەوەشی بازرگانی دەکات لە کەرتی گشتی نییە، بەڵکو پەکەکە تەنیا رێگە بەو کەسانە دەدات کەسەر بەخۆیانن و بازرگانی خۆیانن."
قائید میرۆ




