٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئیبراھیم برۆ: زیاتر ناتوانین خۆمان ڕابگرین.. ئەمڕۆ پەیەدە پێنج بارەگای ئەنەکەسەى داخستن

سەرچاوە: KDP.info
 
ڕۆژئاوای کوردستان-KDP.info- پەیەدە لە ڕۆژئاوای کوردستان دەستی بەداخستنی بارەگاکانی ئەنەکەسە کرد و ئەمڕۆ پێنج بارەگای داخست، سەرۆکی ئەنەکەسەش دەڵێت، گەر پێشمەرگەی ڕۆژ نەگەڕێنەوە بۆ ڕۆژئاوا پەیەدە کوردستانی سووریا لە کورد چۆڵدەکات، بۆیە ھەر چۆنێک بێت پێویستە بگەرێنەوە.
 
 
(ئیبراھیم برۆ) سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتیمانی کورد لە سووریا، بەماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "پەیەدە ئەم ئێوارەیە ھێرشی سەر بارەگای یەکێتیی لە قامشلۆکردووە و دایخستنى و کەل و پەلیشیان شکێندراون و دواتر لەعامودا ھێرشی سەر نوسینگەی ئەنەکەسە کرا و دایانخست، لەدێریکیش بارەگای ئەنەکەسیان داخست و دواتر بارەگای یەکێتیی جوانی کورد و بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستان سووریایان داخست.
 
 
(برۆ) گوتیشی، "بەپێی زانیاریەکانی ئێمە بەنیازن ھەموو بارەگاکانی ئێمە دابخەن و دەچنە سەر ماڵانیش خەڵک دەستگیردەکەن.
 
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتیمانی کورد لە سووریا ده‌شڵێت، چوونەتە سەر ماڵی خێزانی پێشمەرگەکانی ڕۆژ و باسیان لەوەکردووە گەر کوڕەکانتان واز لەپێشمەرگایەتی نەھێنن لێپرسینەوەتان لەگەڵ دەکەن و ھەڕەشەریان لێ دەکەن.
 
 
(ئیبراھیم برۆ) زیاتر گوتی، "زیاتر ناتوانین خۆمان ڕابگرین و پێویستە پێشمەرگەی ڕۆژ بچنەوه‌ رۆژ ئاوای کوردستان ھەر چۆنێک بێت، چونکە گەر پێشمەرگەی ڕۆژ نەچنەوه‌ رۆژئاوا، کوردستانێکی بێ کورد دەمینێتەوە و چۆڵ دەبێت لە کورد وھەمووی دەردەکرێن، لەبەر ئەوەی پەیەدە ئەجێندایی خەڵکانێک جێبەجێ دەکات بۆ ئەوەی کوردستانی سووریا چۆڵ بکات، ئەمەش قبوڵ ناکرێت.
 
 
گوتیشی، دوو ڕێگامان لەبەردەم ھەیە یان دەبێت پێشمەرگەی ڕۆژ بگەڕێنەوە ڕۆژ ئاوای کوردستان و ئێمە بەرپرسیارەتی لەئەستۆ بگرین یاخود پەیەدە کوردستانی سووریا چۆڵ دەکات لە کورد، بۆیە پێویستە ڕێگایەک بدۆزینەوە بۆ ئەوەی پێشمەرگە بگەڕێنەوە.
 
 
بڵند ئیبراھیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار