٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نێچیرڤان بارزانی: پارتی كار بۆ خەون و ئامانجە گەورەكەی گەلی كوردستان دەكات.. دەبێت پەكەكە ده‌ڤه‌ری شنگال چۆڵ بكات

سەرچاوە: KDP.info


دهۆك-KDP.info-  (نێچیرڤان بارزانی) رایگه‌یاند، پەكەكە لە كۆی ئەو نائارامییەی دەڤەری شنگال و دەوروبەری بەرپرسیارە، چونكە ڕێگەی نەداوە هێزی یاساییی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە ئەركی خۆیان لەو ناوچانە ئەنجام بدەن و، هەر بۆ ئەو مەبەستە هەندێك خەڵكیان فریو داوە كە ڕووداوی ناخۆشی لێكەوتووه‌تەوە، هاوكات داوای كرد، پەكەكە ئاقڵانە ڕەفتار بكات و دەستبەرداری ئەو سیاسەتە ببێت و ئەو ناوچانە چۆڵ بكات.

لە چوارچێوەی سەردانەكەیدا بۆ پارێزگای دهۆك، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 14-3-2017، (نێچیرڤان بارزانی) جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، لەگەڵ بەرپرسان و ستافی لق و ناوچەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بادینان كۆ بووەوە.

 


لە كۆبوونەوەكەدا، جێگری سەرۆكی پارتی وتەیەكی پێشكەش كرد و تیایدا باسی چەند بابەتێكی پەیوەندیدار بە هەرێمی كوردستان و ناوچەكەوە كرد و، تیشكی خسته‌ سه‌ر بارودۆخی پارتی و ئەو گۆڕانكارییانەی لە ئاستی لق و چەندین جومگەی دیكەی پارتی ئەنجام دراون، ئەمەش بۆ ئەوەی پارتی بە شێوەیەكی كاراتر لەناو جەماوەردا كارەكانی ئەنجام بدات، هەروەها پاڵپشتیی خۆی بۆ ئەو بەرپرسانەی دەستبەكار بوونە دەربڕی و سوپاسی ئەرك و ماندووبوونی ئەوانەشی كرد كە لە پۆستەكانیاندا نەماون، یاخود بۆ شوێنێكی دیكە گواستراونەتەوە.

ده‌رباره‌ی ڕێكخستنەكانی حزبی و ئەو كارانەی ئێستا و داهاتوو پێویستە ئەنجام بدرێن، (نێچیرڤان بارزانی) بە پێویستی زانی، كادیرانی پارتی بە ڕۆحیەتێكی نوێوه‌ بچنە ناو خەڵك و جەماوەر و بەپیر داوكارییەكانیانەوە بچن. ئاماژەی بەوەش دا كە پارتی دیموكراتی كوردستان ئامادەكاری بۆ هەموو ئەگەرەكان هەیە، بەتایبەتیش كە باس لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەكرێت لە كاتی خۆیدا و پێویستە دامودەزگا حزبییەكان زیاتر كار بۆ ئەو مەبەستە بكەن تاكو ئەوەی شایستەی پارتی دیموكراتی كوردستانە، بەدەست بهێنرێت.

سەبارەت بە ڕەوشی ناوخۆی هەرێمی كوردستانیش باسی لەو پرۆسەیە كرد كه‌ بۆ گفتوگۆ و دیالۆگ لەگەڵ لایەنەكانی دیكە هەیە، بەتایبەتی لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ ئەوەی ئەو بارودۆخە سیاسییە چەقبەستووەی هاتووه‌تە پێش، چارەسەری گونجاوی بۆ بدۆزرێتەوە و پرۆسەی سیاسی و دیموكراسی لە كوردستان زیاتر سەقامگیر و جێگیر ببێت و پەرەی پێ بدرێت. جەختی لەوەش كردەوە كە پارتی دیموكراتی كوردستان شانازی بە حەفتاساڵەی پڕ لە خەبات و سەروەریی خۆی دەكات و هه‌ر ئەو خەبات و سەركەوتنانەشی بوون كە وادەكات، داهاتوویەكی باشتر و گەشتر چاوەڕوانی پارتی و تەواوی كوردستان بكات، چونكە ئێستا پارتییە كار بۆ خەون و ئامانجە گەورەكەی گەلی كوردستان دەكات.

دەربارەی بارودۆخی عیراقیش، ئەوەی به‌بیرهێنایەوە كە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی 2003، سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان بەمەبەستی بونیادنانی عیراقێكی دیموكراسی و فرەیی، گەڕایەوە بەغدا و لەمبارەیەشەوە جەنابی (سەرۆك بارزانی) و (سه‌رۆك تاڵەبانی) ڕۆڵی باشیان بینی و هەرچی لەدەستیان هات كردیان و مافەكانی خەڵكی كوردستانیان لە چوارچێوەی فیدراڵی لە دەستووردا جێگیر كرد، بەڵام هێندەی نەبرد بەغدا پێشێلی مافە دەستوورییەكانی كرد و هەوڵی دا مەركەزیەت زیاتر لە عێراق بچەسپێت و لایەنەكانی دیكە پشتگوێ بخات، تا كار گەیشتە ئەوەی لە سەرەتای ساڵی 2014 بودجە و مووچەی هەرێمی كوردستان بە بڕیارێكی سیاسیی تاكلایەنە ببڕێت.

لە بەردەوامیی وتەكەیدا، جێگری سه‌رۆكی پارتی پوختەیەكی دەربارەی هۆكارەكانی ئەو قەیرانە دارایییە قورسەی ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستان بووەتەوە پێشكەش كرد و، هۆكارەكانیشی بۆ بڕینی بودجە لەلایەن بەغداوە، شەڕ و هێرشەكانی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر هەرێمی كوردستان، هاتنی ژمارەیەكی یەكجار زۆری ئاوارە و پەنابەران و داتەپینی چاوەڕواننەكراوی نرخی نەوت گەڕاندەوە.
ئاماژەی بەوەش دا كە پاشكەوتكردنی بەشێك لە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لە لایەن حكوومەتی هەرێمەوە بڕیارێكی ناچاریی سەخت بوو، بەڵام چاوەڕوان دەكرێت لە ساڵی 2017 بارودۆخی دارایی هەرێمی كوردستان بەرەو باشتر بچێت و پارتی دیموكراتی كوردستانیش وەكو هێزی سەرەكیی ناو حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هەوڵ دەدات چارەسەر بۆ كۆی ئەو كێشانە بدۆزێتەوە كە ڕووبەڕووی هەرێم بوونەتەوە.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا باسی لە پەیوەندییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ جیهانی دەرەوە كرد و دووپاتی كردەوە كە پێشمەرگە و (سەرۆك بارزانی)ن بوونەتە شوناسی هەرێمی كوردستان لە سەرتاسەری جیهان، كە بەرگری لە بنەماكانی مرۆڤایەتی و پێكەوەژیانی نەتەوەیی و ئایینی دەكات و (سەرۆك بارزانی)یە وەك سەرۆكی دەوڵەت بە نوێنەرایەتیی هەرێمی كوردستان لە وڵاتانی جیهان لە ئاستی زۆر بەرزدا پێشوازی لێ دەكرێت و، ئەمەش دەستكەوت شانازییەكی گەورەیە بۆ هەموو لایەكمان، بەتایبەتی بۆ خەبات و تێكۆشانی حەفتاساڵەی پارتی دیموكراتی كوردستان.

سەبارەت بە بارودۆخی ئەو دواییەی ناوچەی شنگالیش، (نێچیرڤان بارزانی) باسی ئەو كارەساتە گەورەیەی كرد لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە لە سەرەتای ساڵی 2014 بەسەر شنگال و دەوروبەریدا هێنرا، كە ئەوكات هێزێكی چەكداری ڕۆژئاوا هاوكاریی كوردانی ئێزدییان كرد و دواتر دەڤەرەكەیان لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە بە سەرۆكایەتیی جەنابی (سەرۆك بارزانی) ئازاد كرا.
(نێچیرڤان بارزانی) جەختی لەوەش كردەوە، هەروەك چۆن پێشمەرگە بەهانای كۆبانێوە چوو و دوای تەواوبوونی ئەركەكەیان گەڕانەوە، بە هەمان شێوە چاوەڕوانیی ئەوە لەو هێزانەی ڕۆژئاوا دەكرێت بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان و ڕێگە بدەن خەڵكی ناوچەكە بە ئارامی بژین و بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان و، چ حكوومەتی هەرێمی كوردستان یان كۆمەڵگای نێودەوڵەتی هاوكاریی پێویست بۆ دووبارە ئاوەدانكردنەوەی ئەو ناوچانە بكەن، كە بوونی ئەو هێزانە بووه‌تە هۆكاری نائارامی لە ناوچەكەدا.

تیشكی خستە سەر ئەوەش كە ئەو ڕووداوانەی بەم دواییانە ڕوویان دا نەخوازراو بوون و، پەكەكە لە كۆی ئەو نائارامییەی دەڤەری شنگال و دەوروبەری بەرپرسیارە، چونكە ڕێگەی نەداوە هێزی یاساییی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە ئەركی خۆیان لەو ناوچانە ئەنجام بدەن و، هەر بۆ ئەو مەبەستە هەندێك خەڵكیان فریو داوە كە ڕووداوی ناخۆشی لێكەوتووه‌تەوە، داوایشی كرد پەكەكە ئاقڵانە ڕەفتار بكات و دەستبەرداری ئەو سیاسەتە ببێت و ئەو ناوچانە چۆڵ بكات. دووپاتیشی كرده‌وه‌ كه‌ پارتی هیچ كاتێك خوازیاری شەڕ نەبووە و ناشبێت و، لەسەر داواكاریی خۆیشمان جیددین كە دەبێت پەكەكە ئەو ناوچەیە چۆڵ بكات بێ ئەوەی هیچ توندوتیژییەكی لێ بكەوێتەوە.

له‌ كۆتاییی وته‌كه‌یدا باسی لەو چاكسازییانە كرد لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە لە بوارە جیاجیاكاندا دەستی پێكردووە، كه‌ كاریگەریی ئەرێنی لەسەر ئەدای حكوومەت و باشتركردنی گوزەرانی خەڵك دەبێت، ئاماژەی بەوەش دا كە لەوانەیە بەشێك لەم چاكسازییانە ئەنجامیان وا زوو دەرنەكەوێت، چونكە پێویستییان بە كاتە، بەڵام ئیرادەیەكی بەهێز هەیە كە گۆڕانكاری هەبێت و هیوای خواست هەموو لایەك لەو هەنگاوانە و هەنگاوه‌كانی داهاتوویدا پشتگیریی حكوومەت بكەن، تا بتوانن چارەسەری گونجاوتر بۆ كۆی كێشەكان بدۆزنەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار