٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

کەرەم: دەرکەوت یاسای بوودجەی عێراق چەندە لەدژی هەرێم بوو

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info-  سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق گوتی، دەرکەوت یاسای بوودجەی عێراق لە بەرژەوەندیی هەرێمدا نییە، بۆیە ئەو کوتلانەی دەنگیان پێ دا، دەبێ ئێستا بەرپرسیارەتییەکەی هەڵبگرن.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، (د. عەرەفات کەرەم) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''کاتێک پڕۆژەیاسای بوودجەی عێراق پەسەند کرا، ئێمە دەنگمان پێ نەدا و چوار فراکسیۆنەکەی دیکە دەنگیان پێ دا، چونکە ئێمە دەمانزانی ئەو یاسایە لە بەرژوەندیی ھەرێمی کوردستاندا نییە، لەبەر ئەوەی کاتێک حکوومەت پڕۆژەکەی بۆ پەرلەمان نارد، لیژنەی دارایی زۆری دەستکاری کرد، بۆیە ئێستا حکوومەت تانەی لەو یاسایە داوە. ئەو فراکسیۆنانەی دەنگیان بەو یاسایە دابوو، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییان سازکرد، بەڵام ئێمە بەشداریمان نەکرد، لەبەر ئەوەی دەنگمان بەو یاسایە نەدابوو.''

(د. عەرەفات کەرەم) گوتی: ''ئەگەر یاسای بوودجە، وەکو خۆی، کە لەلای حکوومەتەوە ھات، دەستکاری نەکرایە، ئێمەش دەنگمان پێ دەدا، بەڵام دەستکاری کرا و حکوومەتیش ئێستا تانەی لێ داوە و گوتوویەتی، مافی ئەوەتان نییە، دەستکاری بکەن.''

(کەرەم) گوتی: ''ئێستا کە لایەنە سلبییەکانی ئەو یاسایە وەدیار دەکەون، دەبێ ئەو کوتلانەی دەنگیان پێ داوە، بەرپرسیارەتییەکەی ھەڵبگرن، نەک ئێمە، چونکە ئەوان دەنگیان بەو یاسایە داوە و، ئێستا وەدیار دەکەوێت، کە ئەو یاسایە لە بەرژوەندیی ھەرێمدا نییە.''

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ: ''پشکی دەرمانی ھەرێمی کوردستان لە بوودجەی حاکیمە دەدرا، بەڵام لیژنەی دارایی لە بوودجەی حاکیمەوە گواستویانەتەوە بۆ ١٧%ی پشکی ھەرێم، کە پشکی ھەرێمیش ڕەوانە ناکرێت و، ئەمە لە بەرژوەندیی ھەرێم نییە و، فراکسیۆنە کوردییەکانیش دەنگیان پێ داوە، بۆیە چۆن بوودجە ڕەوانە ناکرێت، بەھەمان شێوە پشکی دەرمانیش نادرێت.''

(د. عەرەفات کەرەم) زیاتر گوتی: ''ئێمە لە پەرلەمان دەربارەی پرسی دەرمان لەگەڵ وەزیری تەندروستی کۆبووینەوە و پرسیارمان لێ کرد، ئێوە نوسراوتان کردووە بۆ حکوومەت بۆ ئەوەی پشکی دەرمانی ھەرێم ببڕن. لە وەڵامدا وەزیر گوتی، خەتاکە لە لیژنەی دارایییە، ئەوان پشکی دەرمانی ھەرێمیان لە بوودجەی حاکیمەوە بۆ ١٧%ی پشکی ھەرێم گواستووەتەوە، بۆیە منیش داوام کردووە، ببڕێت، چونکە لەسەر ١٧%ی پشکی ھەرێمە و لەسەر ئێمە نییە، کەواتە ئەوانەی دەنگیان پێ داوە، خەتابارن.''

(د. عەرەفات کەرەم) گوتیشی: ''بەڕای من، لایەنێکی سیاسی لەپشت ئەوکارەوەیە و وەزیری تەندروستی ھان دەدات بۆ ئەوەی حکوومەت پشکی دەرمانی ھەرێم ببڕێت.''


بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار