٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

زیاتر لە ٢٥٠چەکداری کوردی ئێزدی وازیان لە پەکەکە ھێناوە

سەرچاوە: KDP.info

 

شنگال-KDP.info-   بەرێوبەری ئاسایشی شنگال دەڵێت، لە دوای رووداوەکەی شنگالەوە، ئەو کوردانەی ئێزدی کە لەگەڵ پەکەکەدا بوون، وازیان لێ دێنن، چونکە دەزانن پەکەکە دەیەوێت شەڕی پێشمەرگەیان پێ بکات.

بەرێوبەری ئاسایشی شنگال(قاسم سمۆ)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند "لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا، یاتر لە ٢٥٠چەکداری کوردی ئێزدی لە پەکەکە جیا بوونەتەوە و، تەنھا لە دوای رووداوەکەی ئەم دوایەی خانەسۆرەوە، زیاتر لە ١٠٠کەس وازیان ھێناوە و وازھێنانیش بەردەوامە و رۆژ بەرۆژ لەزیادبووندایە ."
وەک (قاسم سمۆ) گوتی، مەبەستی پەکەکە ئەوەبوو کوردانی ئێزدی بدەنە پێش و شەڕی پێشمەرگەی پێ بکەن و کوردانی ئێزدی بەدەستی براکانیان بەکوشت بدەن، بۆیە بۆ کوردانی ئێزدی ڕوون بووە کە پەکەکە مەبەستی تێکدانی ناوچەکەیە، بۆیەش خەڵک وازیان لێ دێنن.

بەرێوبەری ئاسایشی شنگال جەخت دەکاتەوە، "دوای ئەوەی پەکەکە لە پلانی رابردوویان سەرکەوتوو نەبوون، ئەمڕۆ خۆپیشاندانێکیان رێک‌خستووە کە زۆرینەی کوردانی رۆژئاوای لایەنگری پەکەکە و عەرەبی نزیک لە پەکەکەن و ئێزدی زۆر کەم تێدانە، ئەمەش بۆ ئەوەیە خەڵکی رۆژئاوا و پێشمەرگەی رۆژ بە دەستی یەکتری بەکوشت بدەن."

بڵند ئیبراھیم 
 

هەواڵی پەیوەندیدار