فهیرۆز ئاكرهیى: سۆران عومەر بۆی نییە بە ناوی لیژنەی مافى مرۆڤەوە قسە بکات

ههولێر-KDP.info- جێگرى لیژنهى مافى مرۆڤ له پەرلهمانى كوردستان له روونكردنهوهیەكدا دهڵێت، سەرۆکی لێژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی کوردستان، بە تەواوی کەوتووەتە ناو ڕق و کینەی حزبایەتیی تەسکەوە و، دەیەوێت پۆستی سەرۆکی لێژنەکە بۆ ئامانجە بەرتەسک و حزبییەکانی بەکار بهێنێت.
(فهیرۆز تهها ئاكرهیى) له روونكردنهوهیەكیدا كه وێنهیهكى داوه بەماڵپهڕى فهرمیى پارتى دیموكراتى كوردستان، دهڵێ: "زیاتر لە ساڵێکە، لێژنەکەمان کۆ نەبووەتەوە، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستانیش، هەڵوێست و بڕیارەکان لە کۆبوونەوە و بە زۆرینەی دەنگی ئەندامان پهسهند دەكرێت، نەک هەر کەسێک لای خۆیەوە ڕێگە بە خۆی بدات، بە ناوی لێژنەکەوە پڕۆپاگندەی سیاسی و حزبی بڵاو بکاتهوه، بۆیه لێدوان و قسەی هیچ کەسێک گوزارشت لە ڕای لێژنەی مافی مرۆڤ ناکات، ئەگەر لە کۆبوونەوە پەسەند نەکرابێت."
لە بەشێکی دیکەی ڕوونکردنەوەکەیدا (فەیروز ئاكرهیى) بهداخه لەوەی کە، سەرۆکی لێژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی کوردستان، بە تەواوی کەوتووەتە ناو ڕق و کینەی حزبایەتیی تەسکەوە و دەیەوێت پۆستی سەرۆکی لێژنەکە بۆ ئامانجە بەرتەسک و حزبییەکانی بەکار بهێنێت، ئەمەش لەگەڵ ئاکاری کاری پەرلەمانی نەگونجاوە و گوتووشیەتی "کەسێک هەڵگری ناوی سەرۆکی لێژنەی مافی مرۆڤ بێت، دەبێت بەرپێی خۆی ببینێت و یەک تۆز ڕێز لەو ناونیشانەی بگرێت کە هەڵی گرتووە، بۆیه ئەم زمانە هەرزان و نەشیاوەی دژی پارتی دیموكراتى كوردستان قسەی پێ دەکات، بەهیچ شێوەیەک هیی کەسێک نییە کە لە لێژنەیەکی وا گرینگ بێت."
جێگرى لیژنهى مافى مرۆڤ له پەرلهمانى كوردستان نووسینیكی (سۆران عومهر) دەداتە بەر ڕەخنە لەوەی کە بە ناهەق پارتى دیموكراتى كوردستان تۆمەتبار دەکات گوایە هێزى بردووەته سهر پهكهكه له مهخموور و لەم ڕووەوە جەخت دەکاتەوە، "ئەمە بە مانای وشە داشۆرانە لە کاری ڕاستەقینە، ئەگینا هەموو خەڵکی دەزانن کە هیچ هێزێک نەچووەتە مەخموور، ههروهها پارتی هێز ناباتە سەر خەڵکی ئاوارە و مەدەنی کە میوانی ئازیزی ئێمەن و، هەمیشە خزمەت کراون و هەموو خزمەتگوزارییەک بۆیان دابین کراوە."
دەشڵێت: "ئەو پێشێلکارییانەی لەو شوێنە کە (سۆران) لێی دەژییت دەکرێت ڕۆژانە دەیانبیستین، بەڵام ئەو باسیان ناکات و وهكو نەعامه سەرى خستووەته ژێرهوه."
لە کۆتایی ڕوونکردنەوەکەیدا(فەیرووز ئاکرەیی)، دەڵێ: "ئاستى دڵڕهشیى ئهو برادهرەى كه به ناوى سەرۆكى لیژنەى مافى مرۆڤەوە قسه دەكات، گەیشتووەته ئاستێك ههر كەسێك له هەر شوێنێك شتێك دژى پارتى بنووسێت، ئهو خۆی لێ به خاوهن دهكات و وهكو بەبهغا دهیڵێتهوه، وێڕاى ئەوهى چهند جارێك لەسهر تهشهیر له بهردهم دادگا بڕیارى بهرامبهر دراوه، بهڵام پێدهچێت فرچكى به زمانى زبر و جنێودان گرتبێت و بەردەوام تۆمەت و بوختانى بێبنەما بۆ پارتى دههۆنێتهوه" .
نەشوان بەرزنجی




