٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

"داعش ژمارەیەک ھاووڵاتیی کوردی ھاویشتووەتە نێو چاڵی مەرگ"

سەرچاوە: KDP.info

دهۆک-KDP.info-  سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، بەھۆی بەردەوامیی شەڕەوە، ژمارەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی مووسڵ نەزانراون و دەڵێ، تەنیا زانیاریمان لەسەر چاڵی مەرگ ھەیە، کە داعش دوو ھەزار کەسی ھاویشتووەتە نێو چاڵەکە و ژمارەیەکیشیان کوردی شەبەکن.

(غەزوان حامید)، سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''بەھۆی شەڕ و پێکدادانی توند لەنێوان چەکدارانی تیرۆریستی داعش و سوپای عێراقدا لە مووسڵ، نەمانتوانیوە ژمارەی کوژراون و گۆڕە بەکۆمەڵەکانی ناوچەکە بزانین، بەڵام دڕندەییی داعش ئەوەی دەرخست، بە ھەزاران ھاووڵاتیی مەدەنی کوژراون و تەرمی زۆریان دۆزراوەتەوە، بەتایبەت لەلای ڕاستی شاری مووسڵ، کە ئێستا شەڕ تێیدا گەرمە و زۆربەی ناوچەکانی بەری ڕاستی شار بە یەکجاری وێران بوونە و  کەڵکی ژیانیان نەماوە و، ھەتا بەتەواوی ئازاد نەکرێت ھەموو شتێک ڕوون نابێتەوە، بەتایبەتی ھەبوونی گۆڕی بەکۆمەڵ و دۆزینەوەی ئەوانەی بێسەرۆشوێنن.''

(غەزوان حامید) گۆتیشی: ''تەنیا زانیاریمان لەسەر چاڵی مەرگ ھەیە،  کە تیرۆریستانی داعش زیاتر لە دوو ھەزار ھاووڵاتییان ھاویشتووەتە نێو چاڵەکە و، لەنێو کوژراوانی چاڵی مەرگدا دەیان ھاووڵاتیی کورد ھەن، چونکە داعش ژمارەیەک کوردی شەبەکی فڕێداوەتە نێو چاڵەکەوە. کێشەی ئەو چاڵەش لەوەدایە، کە ئەوەندە قووڵە ھیچی تێدا دیار نییە، بۆ ئەوەی تەرمی کوژراوانی لێ دەربێنین، جگە لەوەش بەرلە ڕاکردنیان چەکدارانی داعش چوار دەوری چاڵەکەیان بۆمبڕێژ کردووە.''

قائید میرۆ
 

هەواڵی پەیوەندیدار