پێگەی پرۆجێکت سەندیکەیت: دروستبوونی دەوڵەتی کوردستان هێز دەداتە سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ناوین
__2017_03_13_h16m59s32__HK.jpg)
فەڕەنسا-KDP.info- بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (پرۆجێکت سەندیکەیت)، کە پشتی بە پەرتووکێکی پرۆفیسۆری فەڕەنسایی (لێڤی) بەستووە، دروستبوونی دەوڵەتی کوردستان بۆ سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ناوین پێویستە، چونکە دروستبوونی ئەو دەوڵەتە هێز دەداتە پێگەی سەقامگیری لە ناوچەکەدا.
پێگەی (پرۆجێکت سەندیکەیت) لە ڕاپۆرتێکدا، کە پشتی بە پەرتووکێکی پرۆفیسۆری فەڕەنسایی (بێرنارد هێنری لێڤی) بەستووە، نووسیویەتی، کوردەکان نیزیکن لەوەی بگەن بە بڕیارێکی چارەنووساز سەبارەت بە چارەنووسی خۆیان، کە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستانە و، مێژووی کوردستانی بە نموونە هێناوەتەوە، کە کوردەکان لەمێژە کۆشش دەکەن، کەچی سەرباری ئەوەی زۆریان ستەم لێ کراوە، هەر بەهێز بوونە و جێی شانازین.
پێگەکە، نووسیویەتی، دروستبوونی دەوڵەتی کوردستان لە ناوچەکەدا پێویستی بەوە نییە، کە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بترسن لەوەی کە ئەو دەوڵەتە کاریگەریی نەرێنی بۆ ناوچەکە دەبێت، بەپێچەوانەوە، دروستبوونی دەوڵەتی کوردستان دەبێتە جەمسەرێکی سەقامگیری بەهێز بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوین و، پێویستە ئەو دەوڵەتە دروست ببێت.
پێگەی (پرۆجێکت سەندیکەیت)، نموونەی هێناوەتەوە، کە کوردەکان لەدژی تیرۆر دەجەنگن و پێشمەرگە دەزانێت، بۆچی لەدژی تیرۆر دەجەنگێت و لەپێناو ئاشتی و سەقامگیری و خۆشبەختیی جیهان شەڕ دەکات. ئەوەیشی خستووەتە ڕوو، کە هەرێمی کوردستان شایانی دەوڵەتە، چونکە ڕێز لە سنووری خاکەکەیان دەگرن و ڕێز لە مافی مرۆڤ و سیاسەتی هەموو لایەک و پێکهاتەکان دەگرن.
پێگەکە ئاماژەیشی داوە، دروستبوونی دەوڵەتی کوردستان دەبێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی ڕێ لە دەمارگیری و بەرپابوونی شەڕی تائیفی و ئایدۆلۆژیی مەترسیدار لە ناوچەکەدا بگیرێت، چونکە کوردەکان ڕێز لە ئایین و ئایینزاکانی ناوچەکە دەگرن و ڕێز لە مەسیحییەکان دەگرن و دەیانپارێزن.
پێگەکە لە کۆتاییدا نووسیویەتی، دروستبوونی دەوڵەتی کوردستان هێز دەداتە پێگەی سەقامگیری و ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا و دروستبوونی ئەو دەوڵەتەی بە پێویستی و زەروورەتی ناوچەکە لەقەڵەم داوە.




