١٠٠ گوندی دەڤەری سیدەکان لەبەر پەکەکە ئاوەدان نەکراونەتەوە

هەولێر-KDP.info- هاووڵاتییانی سیدەكان، ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، (پەکەکە) بۆ ئەوان بووەتە سەرئێشە و لێ ناگەڕێت، بگەڕێنەوە سەر گوند و ئاوایییەكانی خۆیان، كە لەبەر ئەوان گوندەكانی خۆیان چۆڵ كردووە، ئەگەر بشگەڕێنەوە باج و سەرانەیان لێ وەردەگیرێت. بەڕێوەبەری شارەدێی سیدەكانیش باس لەوە دەکەت، کە لەبەر (پەکەکە) 100 گوندی ناوچەكە ئاوەدان نەكراونتەوە و لێ ناگەڕێن گوندەكانیش ئاوەدان بكرێنەوە، كە ساڵانە لەبەر (پەکەکە) هاووڵاتییانی ناوچەکە شەهید و بریندار دەبن.
(قادر حاجی)، خەڵكی سیدەكانە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: ''بوونی (پەکەکە) لە ناوچەكەدا ژیانی گوندنشینانی تێك داوە، هەرڕۆژە و كێشەیەكمان بۆ دروست دەكەن، لێ ناگەڕێن بگەڕێینەوە سەر گوندەكانی خۆمان، زۆرجار لەبەر (پەکەکە) توركیا گوندەكانی ئێمەی بۆردومان كردووە، بەو هۆیەوە شەهید و بریندارمان داوە، بۆیە داوا لە (پەکەکە) دەكەین، بنكە و بارەگاكانی خۆیان لە گوند و ئاوایییەكانی ئێمە بباتە دەرەوە، بۆ ئەوەی چی دیكە خەڵكی سیڤیل نەبنە قۆربانیی دەستی ئەوان.''
(ڕەشاد عومەر) هاووڵاتییەكی دیكەیە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ: ''لەبەر هەبوونی بنكە و بارەگاكانی (پەکەکە) لە گوندەكەمان و بۆردومانی توركیا، زیاتر لە ٢٠ ساڵە گوندەكەمان چۆڵ كردووە و ئاوارەی نێو سیدەكان بووینە، ئەگەر (پەکەکە) ناوچەكانی ئێمە چۆڵ بكات، حكوومەت دەستی ئاوەدانی دەگەیەنێتە ئەو ناوچانە و ئێمەش دەگەڕێینەوە سەر گوند و ئاوایییەكانی خۆمان و كاری كشتوكاڵی و ئاژەڵداری دەكەین.''
(ئێحسان چەلەبی)، بەڕێوەبەری شارەدێی سیدەكان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ''سنووری شارەدێی سیدەكان 257 گوند لەخۆ دەگرێت. لەبەر هەبوونی بنكە و بارەگاكانی (پەکەکە) لەو گوندانەدا 100 گوند ئاوەدان نەكراونەتەوە، نەك هەر ئاوەدان نەكراونەتەوە، بەڵكو ڕێگرن و نایەڵن ئەو گوندانە ئاوەدان بكرێنەوە، ڕێگری لە خەڵكی ناوچەكەش دەكەن، کە بگەڕێنەوە، تەنانەت باج لە مەڕدارەكان و وەرزێرەکان وەردەگرن. ئێستا كە وەرزی بەهارە و خەڵك بۆ گەشت یان بۆ كردنی گیای بەهاری سەردانی ئەو ناوچانە دەكەن، ئەوان لێ ناگەڕێن بچن، بۆیە بە هەموو شێوەیەك (پەکەکە) بووەتە سەرئێشە بۆ خەڵكی ناوچەكە.''
بەڕێوەبەری شارەدێی سیدەكان گوتی: ''هەر بەهۆی هەبوونی (پەکەکە) لە ناوچەكەدا، توركیا و ئێران بۆردومانی ناوچەكە دەكەن، بەو هۆیەوە زۆرجار هاووڵاتیی ئێمە شەهید و بریندار بوونە، یان گوندەكان چۆڵ كراون، جگە لەوەی زیانێكی زۆر بەر گوندنشینان كەوتووە. ئەگەر بێت و (پەكەكە) لە ناوچەكە نەمێنێت، هاووڵاتییانی گوندەكانی سیدەكان، كە ئاوارەبوونە، دەگەڕێنەوە و ناوچەكە ئاوەدان دەبێتەوە. بۆیە بۆ ئەوەی چی دیكە زیان بەر هاووڵاتییان نەكەوێت، داوا لە (پەکەکە) دەكەین، بگەڕێتەوە باكووری كوردستان و لەوێ چالاكیی خۆی بكات، بۆ ئەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش دەستی ئاوەدانی بگەیەنێتە ئەو ناوچانە و خەڵكی ناوچەکەش بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.''
ڕابین شێروانی




