شەڕکەرانی ئەفغانی لە سووریا مافی هاووڵاتیبوونی ئێرانیان پێدەدرێت

هەولێر-KDP.info- سەرۆکی دەزگای شەهیدی ئێران ڕایگەیاند، مافی هاووڵاتیبوون بەو ئەفغانییانە دەدرێت کە وەک سەرباز لە سووریا شەڕ دەکەن.
لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی جەوان، (محەممەدعەلی شەهیدی) سەرۆکی دەزگای شەهیدی ئێران ئاشکرای کرد، لەسەر فەرمانی (عەلی خامەنەیی) ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، ئەو هاووڵاتییە ئەفغانییانەی لە چوارچێوەی لەشکری فاتمیوون و پارێزەرانی حەرەم ڕەوانەی سووریا دەکرێن، لە ئێران مافی هاووڵاتیبوونیان پێدەدرێت.
بەرپرسەکەی دەزگای شەهید، لێدوانی ڕێبەری باڵای وڵاتەکەی باس کرد بەوەی، کە ئەو کەسانە دوای گەڕانەوەیان بۆ ئەفغانستان بە تاوانی بەشدارییان لە شەڕی سووریا و پاراستنی حەرەم، لەلایەن چەکدارانی بزووتنەوەی تاڵیبانەوە لەسێدارە دەدرێن، هەربۆیە مافی هاووڵاتیبوونیان پێدەدرێت و وەک ئێرانی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت. (ئایەتوڵڵا خامەنەیی) جەختی لەسەر ئەوەش کردووەتەوە کە پاراستنی ئەو کەسانە و خێزانەکانیان دەکەوێتە ئەستۆی حکوومەتی ئێران و بە کوژرانیشیان وەک شەهیدی ئەو وڵاتە دەناسرێن و کەسوکاریان لە مافی خانەوادەی شەهید سوودمەند دەبن.
جێی باسە، حکوومەتی ئێران دەستەواژەی (شەهیدانی حەرەم) بۆ ئەو چەکدارە ئێرانی و ئەفغانی و پاکستانییانە بەکار دێنێت کە لە شەڕەکانی سووریا شانبەشانی سوپای ئەو وڵاتە دەکوژرێن. هەرچەند تائێستا ئامارێکی ورد لەلایەن بەرپرسانی ئێرانەوە لەسەر ژمارەی کوژراوانی ئەفغانی لە سووریا بڵاو نەکراوەتەوە، بەڵام لە چەندین مەراسیم و بۆنەدا ڕاگەیەندراوە کە زیاتر لە ٤٠٠ چەکداری ئەفغانی لە شەڕەکانی سووریادا کوژراون.
چەکدارانی ئەفغانی لە "لەشکری فاتمیوون" ڕێکخراون و هەروەها ژمارەیەکی دیکەش لە هاووڵاتییانی پاکستانیی نیشتەجێی ئێران لە چوارچێوەی "لەشکری زەینەبیوون"، ڕەوانەی سووریا کراون بۆ پارێزگاری لە شوێنە پیرۆزەکانی شیعە لەو وڵاتە و هاوکاریکردنی هێزەکانی سەر بە حکوومەتی (بەشار ئەسەد) لە سووریا.




