لە کەرکووک و گەرمیان ١٠٧٦ منداڵ سوودمهندبوون؛ دهزگای خێرخوازیی بارزانی هاوكاریی دا بە منداڵی شههیدان

کەرکووک-KDP.info- دەزگای خێرخوازیی بارزانی قۆناغی سێیەمی پرۆژەی چاودێریی ئازیزانی راگەیاند و، لەم قۆناغەدا ٥ هەزار منداڵی شەهیدانی دەستی داعش له سهرانسهری كوردستان، بە سپۆنسەری وڵاتانی کوێت و سعوودیە، هاوکاریی ماددییان بۆ دابین کرا.
لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک و سلێمانی، قۆناغی سێیەمی پرۆژەی چاودێریی ئازیزان چووە بواری جێبەجێکردنەوە و ١٢/٣/٢٠١٧ لە پارێزگای کەرکووک بە ئامادەبوونی (مووسا ئەحمەد) سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، (د. نەجمەدین کەریم) پارێزگاری کەرکووک، (سەلاح دەلۆ) بەرپرسی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک و (رێبوار تاڵەباتی) سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ خزمەتکردنی منداڵە شەهیدانی پارێزگای کەرکووک و سنووری گەرمیان، دابینکردنی مووچەی مانگانەی ١٠٧٦ منداڵە شەهیدی لە مەراسمێکدا راگەیاند.
(مووسا ئەحمەد) سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی سەبارەت بە پرۆژەی چاودێریی ئازیزان و پرۆژەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە خزمەتکردنی منداڵانی بێباوک بەتایبەتی منداڵی شەهیدان گوتی: ''سەرجەم منداڵی شەهیدانی دەستی تیرۆریستانی داعش لەم پرۆژەیەدا سودمەند دەبن کە ژمارەیان ٥ هەزار ئازیزە و وڵاتانی سعوودیە و کوێت سپۆنسەریی پرۆژەکە دەکەن، کۆی منداڵانی سودمەندبووی پرۆژەی چاودێریی ئازیزان له سهرانسهری كوردستان ١٧ هەزار منداڵی بێباوکە''، هەروەها گوتی: ''پلانمان بۆ داهاتووی منداڵەکان هەیە و، هەوڵ دەدەین کە لە دۆزینەوەی هەلی کار و پێکهێنانی ژیانی هاوبەش لە تەمەنی پێگەیشتندا، پشتیوانی سەرەکییان بین''.
(د. نەجمەدین کەریم) پارێزگاری کەرکووک لە وتارێکدا ئاوڕێکی لە قوربانیدان و خۆنەویسیتی خەڵکی نیشتمانپەرەوەری ئەو شارە دایەوە و، سوپاسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی کرد کە منداڵە شەهیدەکانی پارێزگای کەرکووک و ئیدارەی گەرمییان بەسەر دەکاتەوە.
لە مەراسیمەکەدا (سەلاح دەلۆ) بەرپرسی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک، ستایشی دەزگای خێرخوازیی بارزانی کرد و گوتی: ''ئەوەی ئەمڕۆ دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەیکات، رێزلێنانە لە شەهیدنانمان و ئەبێ ئێمە هەموومان بە رۆحێکی نیشتمانپەروەری و بەبێ جیاوازی هەوڵی پەروەردەکردن و پێگەیاندنی ئەو منداڵانە بدەین، چوونکە پەروەردە کۆڵەکەی سەرەکی بونیاتنانی هەر کۆمەڵگهیەکە''.
پاشان هەرکام لە (رێبوار تاڵەبانی) و (مەلائازاد) گرینگیی بایەخی هاوکاریکردنی منداڵە شەهیدانیان بۆ بەشداربووان روون کردەوە، جەختییان لەوە کردەوە، منداڵی شەهیدان تاکە یادگاری ئەو لەخۆبردوانەن و پێویستە بەباشترین شێوە خزمەتییان بکردرێت کە دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئەو ئەرکە پیرۆزە بەڕێوەدەبات.
پرۆژەی چاودێریی ئازیزان لە ساڵی ٢٠١١ەوە لەلایەن (دەزگای خێرخوازیی بارزانی)یەوە راگەیەندراوە و، لەو کاتەوە هەتا ئێستا ١٧ هەزار منداڵی بێباوک (ئازیز) مانگانه لەو پرۆژەیە سودمەند دهبن. لە قۆناغی سێیەمی پرۆژەکەدا ٥ ههزار منداڵی بێباوك لە هەرێمی کوردستان مانگانە بە سپۆنسەری وڵاتانی کوێت و سعوودیە هاوکاریی ماددییان بۆ دابین دەکرێت.





