٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د.عەبدولحەکیم خەسرۆ: لای عێراقییەکان ئێستا پرسی سەربەخۆیی پرسێکی جیددییە

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info-  چاودێرێکی سیاسی و مامۆستای زانکۆ (د.عەبدولحەکیم خەسرۆ) دەڵێت، لای عێراقییەکان ئێستا پرسی سەربەخۆیی پرسێکی جیددییە و، ئەوان بۆیە سەردانی ھەرێم دەکەن، دەیانەوێ لەو ستراتیژە تێبگەن کە لەبارەی سەربەخۆییەوە سەرکردایەتیی سیاسیی کورد هەیەتی.

دوێنێ شەممە 11ـی 3ـی 2017، (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ شاندێكی ناوەندی دیالۆگی ڕافیدەین كۆ بۆوە كە پێكهاتبوو لە ژمارەیەك كەسایەتی و نوخبەی سیاسی و فەرهەنگی و پارلەمانتار و نووسەر و میدیاكاری عێراقی.
(د.عەبدولحەکیم خەسرۆ) چاودێری سیاسی و مامۆستای زانکۆ، لەبارەی کۆبوونەوە لەگەڵ ئەو شاندەدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری داوە شێوازێکی دیکەی مامەڵەی لەگەڵ بەغدادا ھەبێت، بەڵام بەھەموو شێوازێک پێویستە ئەو پەیوەندییە لە چوارچێوەی گفتوگۆ و دانوستاندا بێت، ئەو دانوستانانەش تەنیا لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی نابێت و پێویستە لەسەرھەموو ئاستەکان بێت، لە ئاستی ئەکادیمی و رۆژنامەنووس و رۆشنبیرانیش بێت، بۆیە لای عێراقییەکان ئێستا پرسی سەربەخۆیی پرسێکی جیددییە و، ئەوانیش ھەوڵ دەدەن تێبگەن و سەردانی ھەرێم بکەن لە نزیکەوە ئاگاداری ستراتیژی سەرکردایەتیی ھەرێم بن، دوور لە پرۆپاگندە و ئەو شێوازەی راگەیاندن کە پێشتر بەرامبەر ھەرێم دەکرا لەبارەی سەربەخۆیییەوە، بۆئەوەی نیازی ھەرێم بزانن بۆ پرسی سەربەخۆیی."

لە کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندە عێراقییەکەدا، (سەرۆك بارزانی) جەختی لە مافی گەلی كوردستان لە بڕیاردان لەسەر چارەنووسی خۆی كردەوە و ئەوەی خستەڕوو كە لە هیچ جێگەیەكی جیهاندا یەكگرتنی زۆرەملێ یان لێكترازاندنی زۆرەملێ سەرینەگرتووە.
(سەرۆك بارزانی) هاوکات ئاماژەی دا، كە سەربەخۆییی كوردستان پڕۆسەیەك دەبێ دوور لە توندوتیژی و لە چوارچێوەی حیوار و لێكتێگەییشتن و لەپێناو چارەسەركردنی بنەڕەتیی كێشەكان دەبێت.
(سەرۆك بارزانی) پێشوازی لە هەموو جۆرە دیالۆگ و ڕاگۆڕینەوەیەکیش كرد و بە هەنگاوێكی زۆر باشی زانی بۆ لێكتێگەییشتن و گەییشتن بە ئەنجامی بەسوود.

شاندەکە کە وەک زانراوە و لە مێدیاکانەوە باس کرا، کاریگەرییان بەسەر ناوەندی بڕیاری حیزبە سیاسییەکانەوە هەیە کە بڕیاربەدەستن و لە هەردوو پێکهاتەی شیعە و سوننەن، ڕاشکاوانە ئەو پرسیارانەی ھەبوو کردیان کە زۆر گرینگ بوون؛ ئەو پرسیارانە بوون کە لە مێشکی عێراقییەکاندا بوون، مامۆستاکەی زانکۆیش دەڵێ، "(سەرۆک بارزانی)ـش بە وردی وەڵامی کۆی پرسیارەکانی دانەوە و زیاتر ئەوپرسیارانەی لای ئەوان ڕوون نەبوو، بۆیان ڕوون بووەوە."


 (د.عەبدولحەکیم خەسرۆ) کە لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار بووە، ده‌ڵێ، ئەوەی ھەرێم دەیکات بێئومێدبوونە لە شەراکەتی ڕاستەقینە لە عێراق، ھەرێمی کوردستان زۆر جیددی بوو لە بنیاتنانەوەی عێراقی نوێ، بەڵام دیارە عێراقییەکان خۆیان زۆر جیددی نین لەوەی عێراق ھەمووعێراقییەکان لە باوەشی خۆی بگرێت، په‌یوه‌ست به‌و پرسەش کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانیش دەکرێت.


(د.عەبدولحەکیم خەسرۆ) باوەڕی وایە کە لەئێستادا ڕای گشتیی عێراق، سەربەخۆییی ھەرێمی کوردستان قبووڵ دەکات، بەڵام وەک ئەو گوتی، "جیاوازی لە وردەکاریەکانە، مەبەستیانە بزانن ئەو سەربەخۆییە بە چ شێوەیەک دەبێت و ئەو پرسە ھەڵواسراوانە کە پێویستە دانوستانی لەسەر بکرێت چۆنچۆنی چارە دەکرێن، چونکە ڕاگەیاندنی دەوڵەت ئاسانە و کردنی دەوڵەت بە دووپارچە وردەکاری دەوێت، جا پرسی سنوور بێت یاخوود پێکھاتەکان یاخوود ئەرکە نێودەوڵەتییەکان، تەنانەت رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ وڵاتانی ھەرێمی لەبارەی ئەو بەشەی سنوور بەر ئێمە دەکەوێت، لە ڕووی تەکنیکییەوە کاری دەوێت، بۆیە پێویستە ئەمانە بە دانوستان یەکلایی بکرێنەوە."


بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار