٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دەستەی مافی مرۆڤ: پەکەکە و حەشدی شەعبی منداڵیان چەکدار کردوون

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  گوتەبێژی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەپێی یاساکانی عێراق و ھەرێمی کوردستانی ھیچ ھێزێکی سیاسی و سەربازیی بۆی نییە منداڵی خوار تەمەن ھەژدە ساڵ چەکداربکات و ئەگەر ھەتا بە خواستی منداڵەکەیش بێ، کەچی تا ئێستا دوو خێزان سکاڵای لەسەر پەکەکە تۆمارکردووە.

(محەمەد گومەشینی)، گوتەبێژی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، "بەپێی یاساکانی عێراق و ھەرێمی کوردستانی ھیچ ھێزێکی سیاسی و سەربازی بۆی نییە منداڵی خوار تەمەن ھەژدە ساڵ چەکداربکات و ئەگەر ھەتا بە خواستی خۆیبێت، چونکە تا تەمەنی منداڵ نەگاتە ھەژدە ساڵ بڕیاردانی لەدەستخۆیدا نییە، ئێمە زانیاریمان ھەیە پارتی کرێکارانی کوردستان و حەشدی شەعبی دەیان منداڵی خوار تەمەن ھەژدە ساڵی چەکدار کردووە، پەکەکە لە شنگال و قەڵادزێ، حەشدی شەعبیش لە سنووری ناوچە کوردستانییەکانی سنووری کەرکووک منداڵی کوردیان چەکدار کردووە، بەڵام ئێمە بەھۆی ئەوەی بەپێی یاسا کاردەکەین ھەتا ئێستا ھیچ خێزانێک سکاڵای تۆمار نەکردووە بۆ ئەوەی بەدواداچوونی بۆ بکەین، تەنیا ساڵی ٢٠١٥ دوو خێزانی سنووری قەلادزێ سکاڵایان تۆمارکردووە لەسەر پەکەکە و دەڵێن منداڵەکانیان لە لایەن پەکەکەوە بردراون و چەکدار کراون، ئەو دوو منداڵە بەزۆر برداون و تەمەنیان لەخوار پازدە ساڵیدابووە.

لەبارەی ھەبوونی سەربازگەی مەشق و راھێنان بە منداڵان لە مەخموور گوتەبێژی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ دەڵێ،"دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی ھەرێمی کوردستان تەنیا دەستەڵاتی لەو ناوچانەی دەکەونە سنووری حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا ھەیە و ناوچەکانی ماددەی ١٤٠ ناگرێتەوە، لەبەر ئەوە نەمانتوانی بەدواداچوون بۆ ئەو سەربازگەیەی پەکەکە لە مەخموور بکەین، پێویستە دەستەی ناوچە کوردستانییەکان بەدواداچوونی بۆ بکات و بەوھۆیەوە ناتوانین چاودێری لە کەمپەکەی مەخموور بکەین، ھەماھەنگی لە نێوان ئێمە و کۆمسیۆنی مافی مرۆڤی عێراقدا ھەیە، ھەرناوچەیەک بکەوێتە ھەرێمی کوردستان ئەوان لە رێگەی ئێمەوە کار لەسەر کەیسەکانی مافی مرۆڤ دەکەن و ئێمەش بە ھەمانشێوە لەرێگەی کۆمسیۆنی مافی مرۆڤی عێراق دەتوانین بچینە مەخموور و ناوچەکانی دیکەی عێراق بۆ بەدواداچوون.

(محەمەد گومەشینی) ئەوەشی خستەڕوو، "پێمە کار لەسەر سکاڵا دەکەین ھەر خێزانێک منداڵی چەکدارکرابێت لە لایەن ھەرلایەن و ھێزێکەوە بەدواداچوونی بۆ دەکەین، ئەوەی گرینگە بۆ ھەر کێشەیەک دەبێت ھاوڵاتیان سکاڵا تۆماربکەن ئەو سکاڵایەش لەھەر دەزگەیەکی حکوومەتبێت کێشەی نییە ھەر دێتەوە لای ئێمە، چونکە سکاڵا نەبووە ھیچ ئامارێکی دروستمان لەبەر دەست نییە لەبارەی ئەو منداڵانەی لە شنگال و خانەسۆر و پشدەر و بتوێن و قەندیل و حاجی ئومەران لەلایەن پەکەکەوە چەکدار کراون، لەوانەیە سەدان حاڵەت ھەبێت نەگەیشتووتە دەستی ئێمە، ھەر لایەنێک لە چوارچێوەی عێراق و ھەرێمی کوردستاندابێت دەستووری و نا دەستووری بێ، بۆی نییە منداڵ بکاتە چەکدار و مافی منداڵ پێشێل بکات.

قائید میرۆ


 

هەواڵی پەیوەندیدار