٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"پەکەکە بووەتە هۆکاری ئەوەی کورد نەتوانێت بە کوردی قسە بکات"

سەرچاوە: KDP.info

ڕۆژئاوای کوردستان-KDP.info-  بەرپرسێکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا دەڵێت، کوردانی ئێزدی بەشدارییان لە شۆڕشەکانی ئەیلوول و گوڵاندا کردووە و شانازی بە کوردبوونی خۆیانەوە دەکەن، کەچی ئێستا (پەکەکە) ھاتووە لە شنگال کوردبوونی کوردانی ئێزدی بشواتەوە.

ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا، (کاوە ئازیزی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ھێزی پێشمەرگە بەگشتی و ھێزی پێشمەرگەی ڕۆژ لە باشووری کوردستان بەرگری لە شەرەف و کەرامەت و خاکی کوردستان دەکەن، بەڵام چەندین گرووپی (یەپەگە) و (یەپەشە) و چەندین ناوی دیکە لەژێر ناوی (پەکەکە)دا دروست کراون و ھەرگرووپە و سەر بە لایەن و وڵاتێکن و کەس نازانێت لەکوێوە ھاتوون. ئەمانە بۆ پاراستنی خاکی کوردستان نەھاتوون و ھاتوون دۆخەکە ئاڵۆز بکەن و کردەوەی خراپ و تێکدەرانە ئەنجام بدەن و ناتەبایی لەنێو ڕیزەکانی کورددا دروست بکەن.''

(کاوە ئازیزی) گوتی: ''کوردانی ئێزدی پێشمەرگەی شۆڕشەکانی ئەیلوول و گوڵان بوونە و ھەمیشە شانازییان بە کوردبوونی خۆیانەوە کردووە. بەڵام بەداخەوە، ئەوانەی نیزیکن لە (پەکەکە) دەڵێن، ئێمە کورد نین، بۆیە (پەکەکە) بۆ کوردایەتی نەھاتووە بۆ شنگال، بگرە ھاتووە بۆ ئەوەی کوردایەتی لە مێشکی کوردانی ئێزدی دەربکات.''

(ئازیزی) ڕوونی کردەوە: ''٣٥ ساڵ لەمەوبەر کوردانی تورکیا نەیاندەزانی بە تورکی قسە بکەن، کەچی ئێستا کورد هەیە، بەھۆی سیاسەتەکانی (پەکەکە)وە نازانێ بە کوردی قسە بکات، جگە لەوەش ڕێ نادەن پێشمەرگەکانی ڕۆژھەڵات بچنەوە بۆ نێو خاکی خۆیان و لەسەر سنووری ڕۆژئاوا ڕێ لە پێشمەرگەکانی ڕۆژ دەگرن، بۆیە (پەکەکە) خزمەتی ڕژێمە دابەشکەرەکانی کوردستان و دوژمنانی کورد دەکات و، ئەمە زۆر ڕوونە و ناشاردرێتەوە.''

بڵند ئیبراھیم  

هەواڵی پەیوەندیدار