پەکەکە زەویی چهندان جووتیاری مەخمووری داگیر کردووە

مەخموور-KDP.info- سەرچاوەیەکی ئاگادار دەڵێ، چەتهكانی پەکەکە، چهندان دۆنم زەویی کشتوکاڵی جووتیارانی قەزای مەخمووریان داگیر کردووە، نایشیدهنهوه خاوهنهكانیان.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەنێو قەزای مەخموور، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''چەتهكانی پەکەکە، ڕووبەرێکی بەرفراوانی زەویی ھاووڵاتیانی ناوچەکەیان داگیر کردووە و ڕێ نادەن جووتیارانی مەخموور بچنەوە سەر زەوییە کشتوکاڵییەکانی خۆیان، ئەوەش بووەتە جێگەی نیگەرانی و بێزاریی جووتیارانی ناوچهكه، چونکە بەپێی یاسا، ئەو زەوییانە مڵکی خۆیانە و ژیان و گوزەرانی ئەو خەڵکە لەسەر چاندنی کشتوکاڵە، بەڵام (پەکەکە) زەوییەکانی کردووەتە سەنگەری چهتهكانی خۆی و، جووتیاران لە زەویی خۆیان بێبەش کراون. ھەروەھا سەر چیای قەرەچوغیان پڕ کردووە لە چەکدار و، ڕێ بە خەڵکی مەخموور نادەن سەردانی ناوچەکە و چیای قەرەچوغ بکەن. ئەمە لەکاتێدایە، کە مەخموور تەنیا چیای قەرەچۆغی بۆ گەشتکردن، بەتایبەت لە وەرزی بەھاردا ھەیە.''
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: ''دانیشتوانی شارۆچکەی مەخموور لەدەست ئەو ڕەفتارانەی چەکدارانی حزبی (پەکەکە) بێزار بوون. چەندین جار دەزگا پێوەندیدارەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ڕێی دیالۆگەوە داوایان لە پارتی کرێکارانی کوردستان کردووە، دەست لەو ڕەفتارانە هەڵگرن و نەبنە سەرچاوەی کێشە بۆ دانیشتوانی مەخموور، بەڵام ھەوڵەکان ھیچ سوودیان نەبووە، چونکە ئەوان جگە لە جێبەجێکردنی سیاسەتی خۆیان، بە ھیچ شێوەیەک ئامادە نین، پابەندی یاسا و بڕیارەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بن.''
وهك پەکەکە و ماكینه ئیعلامیهكهی خۆی دنهدهرانی ئاماژه دهدهن، پهكهكه بۆ ھاوکاریی کوردانی ئێزدی ھاتوونەته بۆ شنگال و سنووری مهخموور، خۆ ئێستا ھێزی دۆخهكه لهژێر كۆنترۆڵی پێشمەرگەیه و داعش لە ناوچەکە دوور خراوتەوە، كهواته وهك چۆن پێشمهرگه چووه ڕیژئاوای كوردستان و نهیهێشت كۆبانێ بكهوێ و، پاش تهواوبوونی ئهركهكهی گهڕایهوه باشووری كوردستان، پێویسته ئەوانیش بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان، بەڵام چاودێری سیاسی (ئازاد ئەبوبەکر) دهڵێ، ''مەبەستی ئەوان ئەوەیە خۆیان بکەنە خاوەنی ئەوشوێنە و کانتۆن دروست بکەن، کە ئەمەش لەگەڵ یاساكانی ھەرێمی کوردستان ناگونجێت، چونكه ئەو ناوچانه بەشێکن لە خاكی ھەرێمی کوردستان، خۆ ناکرێت ئێرە ھەرێم بێت و ئەوێ کانتۆن بێت.''
(ئازاد ئەبوبەکر) كه ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراقه گوتیشی، ئەگەر ئەوان خەبات دەکەن فەرموون 22شاری باکووری کوردستان تێکدەدرێت، با بچن رزگاری بکەن و رێگری لێ بکەن.
(ئەبوبەکر)یش وهك زۆرێك له چاودێرانی سیاسی و لایهنه كوردستانییهكان باوهڕی وایه، پەکەکە لەلایەن بەغداوە هاوكاریی دهكرێ و ئهوانیش سیاسەتی ئەوان جێبەجێ دەکەن.
قائید میرۆ-بڵند ئیبراھیم




