کەرکووک..لە شەش مانگی ڕابردوودا ١٢٠ داعش دەستگیر کراون
_-_Copy__2017_03_08_h19m52s44__HK.jpg)
کەرکووک-KDP.info- بەڕێوبەری ئاسایشی لەیلان دەڵێ، لەنێو ئاوارەکانی حەویجەدا بەردەوام تیرۆریستی داعش دەستگیر دەکەین و لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا ١٢٠ داعش دەستگیر کراون.
بەرێوبەری ئاسایشی لەیلان، عەقید (کاوە مەلا پەروێز) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ھاتنی ئاوارە لە سنووری حەویجەوە بۆ لای ئێمە بەردەوامە و تاکو ئێستا چەندین تیرۆریست لەنێو ئەو ئاوارانەدا دەستگیر کراون و، دوێنێ دوو تیرۆرستی دیکەمان دەستگیر کرد، کە دەیانویست لەنێو ڕیزی ئاوارەکانەوە دزە بکەنە نێو کەرکووک، بەڵام بەپێی زانیاریی ھەواڵگریی خۆمان توانیمان دەستگیریان بکەین.''
عەقید (کاوە مەلا پەروێز ) گوتی: ''لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا توانیومانە لەنێو ئاوارەکاندا ١٢٠ تیرۆرستی داعش دەستگیر بکەین، کە تیرۆریستی چالاکن و ددانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە و لەلایەن داعشەوە نێردراون، بۆ ئەوەی کردەوەی تیرۆریستی لە کەرکوک ئەنجام بدەن.''
بەڕێوبەری ئاسایشی لەیلان گوتیشی: ''لەنێو ئەو تیرۆرستانەدا، کە دەستگیر کراون، دوو کەسیان بەڕەگەز میسری بوون و ویستویانە بێن بۆ ئەوەی کردەوەی تیرۆرستی ئەنجام بدەن، یان لە داعش بێھیوا بوون و ڕایان کردووە، چونکە داعش زۆر لاواز بووە و وەکو پێشوو نەماوە.''
بڵند ئیبراھیم




