پەکەکە دەستی بەسەر ٢٥٠ گوندی سنووری دهۆکدا گرتووە؛ ناهێڵێ خەڵک بگەڕێنەوە
__2017_03_08_h17m25s47__HK.jpg)
دهۆک-KDP.info- (٢٥٠) گوند لە سنووری پارێزگای دهۆك لەژێر كۆنترۆڵی (پەكەكە)دان، هاووڵاتیانی ئەو گوندانە دەڵێن، لەبەر (پەكەكە) ناوێرن بگەڕێنەوە سەر گوند و ئاوایییەكانی خۆیان، چونكە هەركاتێك بگەڕێنەوە (پەكەكە) ئازاریان دەدات و دەیانڕفێت.
( ڕزگار محەمەد)، خەڵكی سنووری شارۆچكەی ئامێدیە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: ''چۆڵبووونی گوندەكان لەدوای ساڵی 1991 دەستی پێ كرد. گوندەكانی ئێمە پێشتر ئاوەدان بوون، كشتوكاڵیان تێدا دەکرا و سەرچاوەی داهات بوون بۆ حكوومەت و، بەرهەمهێنەری زۆر كاڵاش بوون بۆ شارەكان، بەڵام ئێستا لەبەر نائارامیی ئەو گوندانە بوونەتە شوێنی بنكە و بارەگاكانی (پەكەكە).''
(خۆشەوی قەیس)، هاووڵاتییەكی دیكەیە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ: ''گوندەكەمان دەكەوێتە سەرسنووری باكووری كوردستان، ئەوە زیاتر لە 25 ساڵە ئاوارە بووینە، ئێستا لەناو ئامێدی نیشتەجێین، نازانین چی بكەین، تا ئێستاش دیار نییە كەی دەگەڕێینەوە گوندەكەمان، زۆر جار لە هاویندا هەوڵمان داوە، بگەڕێینەوە، بەڵام (پەكەكە) ڕێگریمان لێ دەكات و ناهێڵێت بە ئاسانی بچینەوە گوندی باب و باپیرانمان، ئەگەر گوندەكان ئاوەدان كرابانەوە، هەم بۆ ئێمە، هەم بۆ حكوومەت زۆر باش دەبوو، بۆیە داواكارین هەرچی زووە (پەكەكە) بنكە و بارەگاكانی خۆی لە گوندەكانی ئێمە بباتە دەرەوە و بگەڕێتەوە باكووری كوردستان.''
(ڕزگار سدقی)، سەرۆكی لیژنەی بەدواداچوونی زەرەر و زیانەكانی بۆردومانەكانی توركیا لە ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕایگەیاند: ''250 گوند لە سنووری پارێزگای دهۆك لەژێر كۆنتڕۆڵی (پەكەكە)دان، تەنیا لە سنووری ئامێدی 190 گوند چۆڵ كراون و ئاوەدان نەكراونەتەوە و، هەرچی خێر و بێری ئەو گوندانە هەیە، هەمووی بۆ خۆیان دەبەن. ئێمە چەندین جار لیژنەمان پێك هێناوە و ڕاپۆڕتمان لەسەر بۆردومانەكان و هەبوونی (پەكەكە) لە گوند و ئاوایییەكاندا خستووەتەڕوو؛ هەتا بنكە و بارەگاكانی (پەكەكە) لەو گوندانەدا هەبن، توركیا بۆردومانی ناوچەكە دەكات، بۆیە هاووڵاتییان بەردەوام داوا لە ئێمە دەكەن، کە (پەكەكە) بنكە و بارەگاكانی خۆی لە گوندەكان بباتە دەرەوە، بۆ ئەوەی ئەوانیش بگەڕێنەوە سەر گوند و ئاوایییەكانی خۆیان.''
رابین شێروانی




