٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئافره‌تانی كوردستان: چیتر ھزری پیاوسالاری، ئافرەتانی ھۆشیاری پێ دیل ناکرێ

سەرچاوە: KDP.info

 

هه‌ولێر-KDP.info-  له‌ ڕۆژی 8ی مارسدا، یه‌كێتیی ئافره‌تانی كوردستان به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاو كرده‌وه‌ و رایده‌گه‌یێنێ، وێڕای پێشکەوتنەکان، هێشتایش بە ھۆی تامەزرۆییی ئافرەت بۆ ئازادی و خواستی بۆ پیادەکردنی مافە مرۆڤایەتییەکانی، بە شێوەیەکی ناڕەوا و دوور لە بەھا مرۆڤایەتییەکان، توندوتیژی بەرامبەر دەکرێ، هاوكات شانازییش دەکەین به‌وه‌ کە چیتر ھزری پیاوسالاری، ئافرەتانی ھۆشیاری پێ دیل ناکرێ.

دەقی بەیانامەکە:
ئافرەتانی ھێژا یەکسانیخوازان مرۆڤ دۆستان
ئەمساڵیش لە ھەلومەرجێکی ھەستیاردا لە ھەمان کات چارەنووسساز لە کوردستانی دڵنشین، پێشوازی لە ڕۆژە جوان و تایبەتەکە دەکەین، کە ڕۆژی جیھانیی ئافرەتانە، لێردا بە چەپکێ گوڵی بەھاری کوردستان و باوەشێک خۆشەویستییەوە پیرۆزباییەکی پڕڕێز و شانازی و ڤیان لە دایکانی شەھیدان، ھاوژینی شەھیدان، ئافرەتانی پێشمەرگە و کادرانی ماندوونەناس و، ئەندامانی دڵسۆزی ڕیکخراوی دایک(یەکێتیی ئافرەتانی کورددستان) دەکەین.
ھەشتی مارس ئەو ڕۆژەیە کە ئافرەتان لە نادادی و ستەم ھاتنە دەنگ و داوای یەکسانی و وەکییەکیان دەکرد لە ئەرک و مافدا، ئێمەی ئافرەتانی کوردستان بە لەبەرچاوگرتنی مێژووی پڕڕەنج و تێکۆشانی دەیانساڵەمان بە شانازییەوە دەڵێین، بەشێکین لەو بزاڤە جیھانییە و تا ئێستایش لەو ڕێگایە بەردەوامین بۆ دەستەبەرکردنی مافەکان لە تەواوی کایەکان و بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی یەکسان و دیموکراتیخواز.
لە مڕۆدا کە یادی ھەشتی مارس دەکەینەوە، لە سایەی ئەزموونی دیموکراسیی ھەرێمی کوردستان، پێشکەوتنێکی زۆر لە پرسی ئافرەت لە ھەرێمی کوردستان ھاتۆتە کایەوە؛ چەندین دەستکەوتی گرینگ و پڕبایەخ بەدەست ھاتوون، ئەمەش بە ھەوڵ و کۆششی ھەموو لایەک کە رێکخراوەکەمان (یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان) ئەو شانازییەی پێ بڕاوە کە سەرمەشق و ئاڵاھەڵگری ئەم ھەوڵانەیە.
وێڕای پێشکەوتنەکان، دەبینین تا ئێستایش بە ھۆی تامەزرۆییی ئافرەت بۆ ئازادی و خواستی بۆ پیادەکردنی مافە مرۆڤایەتییەکانی، بە شێوەیەکی ناڕەوا و دوور لە بەھا مرۆڤایەتییەکان، توندوتیژی بەرامبەر دەکرێ، تا توندترین ئاست کە مایەی نیگەرانیمانە، لە ھەمان کاتدا شانازییش دەکەین کە ئافرەتانمان باوەڕیان بە خۆیانە و چیتر ھزری پیاوسالاری، ئافرەتانی ھۆشیاری پێ دیل ناکرێ، کە ئەمەش ئاماژەیەکی خۆشیھێنە، چونکە ئافرەت ھەوێنی شارستانیبوونی کۆمەڵگا و بەرجەستەکاری ئارامیی نیانی و ڕۆحی مرۆڤبوونە.
لەمڕۆدا سەرەڕای بوونی ئافرەتانی پێشمەرگە لە سەنگەرەکانی بەرگری لە خاک و نیشتمان لە جەنگی دژ بە تیرۆر، ئافرەتی کورد دەبێتە سیمبولی شەھیدی ڕۆژنامەوان و میدیاگەری بابەتی و پیشەیی لە جیھاندا، شەھید شیفا، نموونەیەکە بۆ تەواوی جیھان کە ئافرەتانی کورد نەک جەنگی یەکسانیی کردووە، بەڵکو داینەمۆ و شەرمەشقە بۆ تەواوی کۆمەڵگاکانی جیھان بەگشتی و بەتایبەت بۆ گەلی کورد.
لە کاتێکدا یادی ڕۆژی جیھانیی ئافرەتانی دەکەینەوە، ناوچەکە لەبەردەم وەچەرخانێکی گەورەدایە، ئاماژەکان وا نیشان دەدەن کە ھەنگاو بە ھەنگاو لە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان نزیک دەبینەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی ستراتیژی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان(سەرۆک بارزانی)، لە پێناو بەدیھاتنی ئامانجی باڵای نەتەوە و نیشتیمانیمان، کە سەربەخۆبوون و ھاتنەکایەی وڵاتێکە کە پایەکانی لەسەر بنەمای مافی مرۆڤ و یەکسانیی ڕەگەزی بنیات نرابێ.
یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان پەیمان دەدات کە بێ گوێدانە ھیچ ئاستەنگێک لەسەر ئامانجەکانی کە ھاتنەکایەی کۆمەڵگایەکی یەکسانە لە ئەرک و ماف و، لە نێوان ئافرەت و پیاو لە خزمەت ئافرەتانی کوردستان بێت.
یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان پشتیوانیی خۆی بۆ گوتاری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بەڕێز (مه‌سعوود بارزانی) دووپات دەکاتەوە کە گوتاری سەربەخۆخوازی و ڕێڕەوی خەباتی گەلی کوردستانە بەرەو سەربەخۆیی.

هەواڵی پەیوەندیدار