٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دانیشتوانی خانەسۆر: ٧٢ کەسیان لێ ڕفاندووین.. ئەوەی داعش نەیکرد، پەکەکە بەرانبەرمان دەیکا

سەرچاوە: KDP.info

 

شنگال-KDP.info-  ھاووڵاتیانی کۆمەڵگای خانەسۆری سەربە شنگال باس لە نەھامەتیی خۆیان دەکەن لەژێر دەستی چەتەکانی پەکەکە و دەڵێن، بەزۆر کچ و ژنانی ئێزدی دەرفێنن و تائێستا ٧٢ کەسیان لێ ڕفاندووین کە زۆربەیان تەمەنیان لە خوار پازدە ساڵییەوە.

(فەیسەل عەلی)، دانیشتووی کۆمەڵگای خانەسۆری شنگالە و بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند "چەکدارانی پەکەکە لە نێو کۆمەڵگای خانەسۆر منداڵی دە ساڵی تا پازدەساڵی دەڕفێنێ، جگەلەوەش چاوی بڕیوەتە کەمپی ئاوارەکان و پارە بە شوفێری تاکسییەکان دەدەن تا منداڵی ئێزدییان بۆ بڕفێنن و بیگەیەنن بەو ناوچانەی ژێر دەستی پەکەکە."

وەک ئەو هاووڵاتییە ئێزدییەی خانەسۆر دەڵێ، پەکەکە بەوەش نەوەستاوە چەندین کەسی رفاندوون کە لە ڕووی دەروونییەوە نەخۆشن (شێت)!، "ئەوانەش بە زۆر و بەشێکیان بە فێڵی ئەوە بردراون بەناوی گوایە دەچن تۆڵەی خۆیان لە داعش دەکەنەوە، کەچی بردوونی بۆ قەندیل"، زیاتر لەو بارەوە گوتی "چەندین حاڵەتی وا ھەبووە منداڵ رفێندراوە، دواتر دایک و باوکیان چوونەتە لای پەکەکە و پاڕاونەتەوە منداڵەکانیان بدەنەوە، بەڵام هەوڵیان بێئاکام بووە، کچی برایەکی من، پەکەکە رفاندی، بەڵام بەزۆر لێمان وەرگرتنەوە، ئاخر ئەو کچە تەمەنی دوازدە ساڵە، دەپرسم چیی لە چەکداری و سیاسەتی پەکەکە دەزانێ؟."

(فەیسەل عەلی) درێژەی بە قسەکانی دا و گوتی "دانیشتوانی خانەسۆر زۆر نەھامەتییان چەشتووە بەدەست پەکەکەوە، ھیچ راست نییە کە دەڵێن کوردانی ئێزدی لەگەل پەکەکەن، کۆمەڵگەی خانەسۆر کە ڕێژەی دانیشتوانی ٣٥ ھەزار کەسە، ئاماری تەواوم لایە، تەنیا ٧٢ کەس لە نێو پەکەکەن و ھەموویشیان بەزۆر برداون.. لەسەردەمی داگیرکارییەکەی داعش ماڵەکانمان وێران نەکران، کەچی لە سەردەمی پەکەکەدا ماڵ و خانوومان وێران کران، ھەتا کارگەیشتووتە ئەوە بەزۆر چەکی گران دەبەنە سەر خانووی ھاووڵاتیان و کەسیش دەستەڵاتی ئەوەی نییە بڵێ قەبووڵم نییە."

(دەخیل عیدۆ)، یەکێکە لە پیاو ماقووڵانی کۆمەڵگای خانەسۆر و بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دەڵێ "پەکەکە چەکدارەکانی ھێناوەتە دەڤەری خانەسۆر و، مێشکی ژنان و کچانی ئێزدیمان دەشواتەوە، بێئەوەی رەزامەندیی خێزانەکانیانی لەسەر بێت.. ژنانی ئێزدی دەبەن و چەکداریان دەکەن، لە سنوورەکان پارە لە خەڵک وەردەگرن.. من بیستوومە بەرانبەر بە خەڵکی ناوچەکە کاری نایاسایی و بەدڕەوشتی دەکەن."

ئەو پیاوماقووڵەی خانەسۆر هەروەها دەڵێ، "پەکەکە بۆخۆی یاسا و بڕیاری دەرکردووە لە خانەسۆر و، دەڵێ ئێمە ھێزێکی دیموکراتین، بەڵام ئێمە دەزانین ئەوان ئەگەر دەستیان بچێت زۆری لە خەڵکی دەکەن، زۆربەی خەڵکی ناوچەکە لێیان بێزارە، چونکە قسە و کرداریان یەک نییە."

وەک ئەوەی (دەخیل عیدۆ) تێیگەیشتووە، چەتەکانی پەکەکە نیازی ئەوەیان نییە لە خانەسۆر و ناوچەکە بکشێنەوە و، چونکە زەبر و فێڵیان لێ بینیون، جەخت دەکاتەوە کە "دەبێت ھەر بڕۆن خۆ  بە قسەی ئەوان نابێت، کۆمەڵگای خانەسۆر شوێنی پەکەکە و ھێزێکی عێراقی نییە تا بمێننەوە، ئەوان نەھامەتی و کارەساتی بەسەر کوردانی ئێزدیدا هات، قوستووەتەوە گوایە دەمانپارێزن، بەڵام لە واقیعدا وا نییە، لێیان دەپرسین، ئەگەر ئەوان ھاتوون بۆ رزگارکردنی کوردانی ئێزدی، باشە بۆچی کچان و ژنانی ئێمە بەزۆر دەبەن و بۆ شوێنی دیکەیان دەبەن."

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار