بۆسەڵی: پەکەکە لە دەڤەری شنگال لەگەڵ حەشدی شەعبی پێکەوە بازرگانی دەکەن

شنگال-KDP.info- فەرماندەی پێشمەرگە لە شنگال، (عەمید بۆسەڵی) دەڵێ، مەبەستی (پەکەکە) دەربارەی شنگال ڕوونە. لەگەڵ حەشدی شەعبی پێکەوە بازرگانی دەکەن و دژی ئەزموونی هەرێمی کوردستانیش پشێوی دەنێنەوە.
عەمید (سمێ بۆسەڵی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئێستا دۆخی شنگال ئارامە و ھیچ کێشەیەک نییە و ھیچ ڕێککەوتنێکیش لەگەڵ (پەکەکە) ناکەین، چونکە نەبووە کەس بۆ ئەوەی لەسەر خاکی خۆی ھاتوچۆ بکات، لەگەڵ ھێزێکی دیکە ڕێککەوتن بکات، بۆیە پێویستە ئەوان خاکی شنگال بەجێ بێڵن و پێویست بەھیچ ڕێککەوتنێک ناکات.''
عەمید (سمێ بۆسەڵی) دەڵێ: ''شنگالییەکان داوا دەکەن، هێزەکانی (پەکەکە) بڕۆن، چونکە کاری تێکدەرانە دەکەن و ستەم لە ئێزدییەکان دەکەن.''
ئەو فەرماندەیە دەشڵێ: ''(پەکەکە) بۆ دوو ئامانج هاتووەتە دەڤەری شنگال؛ یەکەم، بۆ ئەوەیە کە پشێوی بنێتەوە و دژی دامودەزگاکانی حکوومەت و ئەزموونی هەرێمی کوردستان کاری تێکدەرانە بکات؛ دووەمیش، بۆ بازرگانیکردن لە ناوچەی بارێ، کە دەرگایان بەڕووی سووریا و عەرەبەکاندا کردووەتەوە و دەستیان لەگەڵ حەشدی شەعبی تێکەڵ کردووە و پێکەوە ئەجێندا دادەنێن، بۆ ئەوەی دژایەتیی هەرێمی کوردستان بکەن و بازرگانیی خۆیان بکەن.''
بڵند ئیبراھیم




