٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ڕۆژنامەنووسێکی باکووری کوردستان: ئامانجی پەکەکە لەباربردنی دەستکەوتەکانی کوردە

سەرچاوە: KDP.info

باکووری کوردستان-KDP.info-  ڕۆژنامەنووس و چاودێرێکی سیاسی باکووری کوردستان پێی وایە، (پەکەکە) تەنیا بۆ یەک ئامانج دامەزراوە، ئەویش دژایەتیکردنی گەلی کوردە و دەڵێ، (پەکەکە) بۆ جێبەجێکردنی ئامانجی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان کار دەکات و دوای ڕاپەڕین پیلانی ھەبووە بۆ لەنێوبردنی پەرلەمانی کوردستان و ئەزموونی باشوور.

(محەمەد سانری)، ڕۆژنامەنووس و چاودێری سیاسیی باکووری کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''لەڕاستیدا ھەرلە ساڵی ١٩٨٤ەوە تا ئێستا ھیچ نیشانەیەک نابینین، کە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بیەوێت ڕەوشی باشووری کوردستان باشتر ببێت، بەردەوام بە بەھانەی ڕزگارییەوە باشووری کوردستانی کردووەتە مەیدانی شەڕ و تیرۆر. قەت باوەڕ ناکەم،  ئامانجی سیاسیی (پەکەکە) بۆ بەدەستھێنانی مافی نەتەوەییی میللەتی کورد بێت، چونکە (پەکەکە) ھیچ ئەزموون و دەستکەوتێکی بۆ گەلی کورد نەبووە. ھەر ھەوڵەکانی (پەکەکە) بووە هۆی ئەوەی ڕێ بۆ جەنەڕالەکانی تورکیا خۆش بکات، لە ھەموو لایەکەوە باکووری کوردستان وێران بکەن و، بەھۆی (پەکەکە)وە دەیان شاری کوردستان لە باکوور تەختی زەوی کران.  ماوەی نیزیکەی ٤٠ ساڵە کاری (پەکەکە) ھەر ئەوەیە و، ئەمڕۆش لە شنگال دژی دەستکەوتە نەتەوەیییەکان کار دەکات، لە باکووریش ھەمان ڕەفتاریان دەکرد، ئەوەی لە شنگال ڕوودەدات شەڕی وەکالەتە (پەکەکە) دەیکات و، ڕێ بە ''ھەدەپە''ش نادات ببێتە خاوەنی ناسنامەی دیاری خۆی.''

ئەو ڕۆژنامەنووسەی باکوور ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ''(پەکەکە) ھیچ ئامانجێکی سیاسیی نییە و ناشیبێت، بەڵام بۆ مەبەستی سیاسیی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستانی سەرقاڵی پیلانە.
گوتیشی: ''(پەکەکە) بۆ بەدەستھێنانی ئامانجی نەتەوەییی میللەتی کورد دانەمەزراوە، چونکە ساڵی ١٩٩٢، کاتێک لە ھەرێمی کوردستان پەرلەمان دەمەزرا، سەرۆکی (پەکەکە)، (عەبدوڵڵا ئۆجەلان)  دەبارەی دامەزرانی حکوومەت و پەرلەمانی کوردستانە گوتی: ''ئەمە خەنجەرێکە لە پشتی ئێمە درا، ئەگەر دوژمن ئەو دەستکەوتە لە باشوور لەنێو نەبات، ئێمە لەنێوی دەبەین.''

خۆ مەبەستی (ئۆجەلان) ئەوە نەبووە پەرلەمان و ھەرێمی کوردستان بخاتە ژێر دەستی خۆیەوە، بەڵکو مەبەستی ئەوە بووە، ئەرکی (پەکەکە) ئەوەیە ڕێ نەدات لە ھیچ شوێنێک کورد بە ئامانجی خۆی بگات.''

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار