٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئوسامە جەمیل: مەیدانی خەباتی پەکەکە ئێرە نییە.. ئێزدی نوێژیان بە کوردییە و کەس ناتوانێ ئینکار لە کوردبوونیان بکات

سەرچاوە: KDP.info

 

هه‌ولێر-KDP.info-  پەرلەمانتارێکی پێشووی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە پەڕلەمانی عێراق ده‌ڵێت، ھەرێمی کوردستان مەیدانی خەباتی پەکەکە نییە و، نابێ پەکەکە خۆی بە نوێنەری ھەرچوارپارچەی کوردستان بزانێت و پێویستە ئەو ئەدەبیاتەی خۆی بگۆڕێت، دەشڵێ، کوردانی ئێزدی نوێژیان بە زمانی کوردییە و کەسیش ناتوانێ ئینکار لە کوردبوونیان بکات.


وێڕای ئەوەی بە پێویستی زانی کێشەی ھەبوونی پەکەکە لە ھەرێمی کوردستان بە دانوستان چارەسەر بکرێت، چونکە ھیچ کێشەیەک بە شەڕ چارەسەر نابێت و زەرەرمەندی یەکەمیش ھەر کوردە و زیان بە کورد دەکەوێ، بەڵام وەک (ئوسامە جەمیل) پەرلەمانتاری پێشووی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "ئەسڵی مەسەلەکە ئەوەیە ھەرێمی کوردستان مەیدانی خەباتی پەکەکە نییە، مەیدانی ئێمە ھەرێمی کوردستانە، ئەوانیش مەیدانی خەباتیان ئاشکرایە کوێیە."

ئەوە تەنیا (ئوسامە جەمیل) نییە قسەی لەبارەی ئەدەبیات و غرووری پەکەکەوە هەبێ لەوەی کە خۆیان بە نوێنەری ھەموو کورد دەزانن واتا نوێنەری ھەرچوار پارچەی کوردستان دەزانن و، ئەو کەسایەتییە دیارەی نێو یەکگرتووی ئیسلامی جەخت دەکاتەوە لەوەی "پێویستە باوەڕ بە پەکەکە بێنین کە ئەوانیش حزبێکن وەک حزبەکانی دیکەی کوردستان و، نوێنەرایەتیی ھەموو کورد ناکەن، ئاخر ھیچ حزبێک ناتوانێ بڵێ من نوێنەری ھەرچوار پارچەی کوردستانم، جارێ ھەر حزبێک لە پارچەیەکی کوردستانە و لەو پارچەیەش تەنیا جەماوەری خۆی ھەیە و نوێنەری جەماوەری خۆیەتی نەک ھەموو کورد و، ھەرچوارپارچەی کوردستان، لەبەر ئەوەش پێویستە ئەدەبیاتی خۆیان بگۆڕن."


مەترسیی ئەدەبیاتی پەکەکە هەر لە خۆبەزلزانی و بەخاوەنزانیی هەر چوارپارچەکەی کوردستاندا نەماوەتەوە، بەڵکە ئەوان لە شووشتنەوەی مێشکی میرمنداڵ و گەنجان و ئەو کەسانەی بە لای خۆیاندا ڕادەکێشن ئەوەی، وەها باوەڕێکی لا دروست دەکەن، جیا لە (ئاپۆچێتی) و برایەتیی گەلان و دەستبەرداربوون لە ئینتما بۆ نەتەوەکەی، هێچی دی لە مێسکیدا نەمێنی؛ نموونەی بەرجەستە هەن لەم ڕووەوە و بەتایبەت بەم دواییە، خەڵکێکی ئێزدییانی گەیاندووەتە ئەو باوەڕەی حاشا لە کوردبوونی خۆیان بکەن و لە مێدیاکانی پەکەکە و هاوپەیمانانییەوە بازاڕی بۆ پەیدا دەکەن.
(ئوسامە جەمیل) کە کەسایەتیێکی نێو حزبێکی ئیسلامیی میانڕۆیە لەم بارەوە دەڵێ "ئەو ئێزدیەی کە لێدوان بۆ ڕاگەیاندنەکان دەدات گوایە ئێزدی کورد نینە، ئەوە تەنیا تەعبیر لە بۆچوونی خۆی دەکات، چونکە کوردانی ئێزدی نوێژ و پەرتووکی ئایینیان بە کوردییە. ئەو حاڵەتانە ھەردەبن. خەڵک ھەبوو لە سەردەمی (سەددام)ـیش خۆی بە عەرەب ناونووس دەکرد، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە بۆچوونی ھەموو کوردانی ئێزدی بێت، ئەو رووداوەی لە شنگال رووی دا، بەغدا زۆری پێ خۆش بوو، چونکە شیعە نێوخۆیان پڕکێشەیە، جا حەز دەکەن کورد ببێتە شەڕیان."


قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار