٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

حکوومەتی هەرێم، وەڵامی راپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەداتەوە

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info-  رۆژی 4/3/2017 وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راپۆرتی ساڵانەی خۆی سەبارەت بە رەوشی مافەکانی مرۆڤ لە جیهان بڵاو کردەوە؛ لەم راپۆرتەدا بەشێکی تەرخان کراوە بە عێراق و هەرێمی کوردستان لە بارەی چەند پرسێکەوە و ڕەخنە ئاراستەى هەرێمى کوردستان دەکات لەوانە پێشێلکردنی ئازادیى رادەربڕین و کاری ڕۆژنامەگەرى، پرۆسەی یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و دامودەزگا ئەمنییەکانی هەرێم، رەوشی چاکسازییەکان و ئەشکەنجەدان، رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و رەوشی کەمە نەتەوایەتی و ئایینییەکان لە هەرێم.

لەم بارەوە سکرتاریەتی لیژنەی هەڵسەنگاندن و بەدواداچوونی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لە ئەنجوومەنی وەزیران بەیاننامەیەکی سەبارەت بە راپۆرتەکە بڵاو کردەوە ئەمەش دەقەکەیەتی:

1-     سەرچاوەی ئەو زانیارییانە کە لە راپۆرتەکەدا پشتیان پێ بەستراوە، کەسانێکن کە لە بنەڕەتدا ئۆپۆزیسیۆنن، دژی هەوڵ و کۆششەکانى هەرێمن بێ ئەوەى لە راپۆرتەکەدا هیچ ئاماژەیەک بکرێت بە هەوڵەکانی هەرێم ، ئەمەش گومان دەخاتە سەر ناوەڕۆکی ئەو زانیارییانە کە ئاماژەیان پێکراوە.

2-     سەبارەت بە پرۆسەی یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە بەرپرسانی ئەمریکا لە وردەکارییەکانی یەکنەگرتنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان ئاگادارن، راستە وەک پێویست هێزی پێشمەرگەی کوردستان یەکی نەگرتووەتەوە، بەڵام ئەمەش بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە لەوانە: پرۆسەی یەکگرتنەوەکە پێویستی بە خەرجییەکی دارایی زۆرى هەیە، نەبوونی پاڵپشتی حکوومەتی فیدراڵ لە رووی دابینکردنی بودجەی تایبەت و مووچە و هاوکاریی لۆجستی، کشانەوەی هیزەکانی ئەمریکا لە عێراق  دوای ساڵی 2011 کە لایەنیکی گرینگ بوو بۆ ئەم پرۆسەیە لە رووی راهێنان، تەکنیکی و کارگێڕی.

3-     ئازادیی رۆژنامەگەری و ڕاگه‌یاندن و ڕاده‌ربڕین به‌پێی یاسا رێک خراوه‌ لە هەرێمدا، بۆیە  به‌ سه‌دان ڕۆژنامه‌ و گۆڤار و ڕادیۆ و ته‌له‌ڤزیۆن هه‌ن له‌ هه‌رێمی كوردستان كه‌ به‌پێی ڕێوشوێنی تایبه‌ت مۆڵه‌تی كاركردنیان هه‌یه‌ و مافی ڕۆژنامه‌نووس و میدیاكاران به‌پێی یاسا پارێزراوه‌. له‌ كاتی بوونی هه‌ر حاڵه‌تێك كه‌ دژ به‌ ڕێنماییه‌كانی ڕۆژنامه‌گه‌ری له‌ هه‌رێمی كوردستان و پێشێلكردن بێت یان بچێته‌ خانه‌ی ته‌شهیر و ناوزڕاندن، ئه‌وا كار به‌ یاسای سزادانی عێڕاقی ژماره‌ (111)ی ساڵی 1969ی هه‌مواركراو ده‌كرێت. بۆ نموونە کەیسى (وداد حوسێن) ئەم کەیسە رێوشوێنى یاساییى خۆى وەرگرتووە و لەژێر دەسەڵاتى دادوەریدا لێکۆڵینەوە بەردەوامە.

4-     خۆپیشاندان یەکێکە لەو بابەتانەی کە لە راپۆرتەکەدا ئاماژەی پێکراوە، لە هەرێم خۆپیشاندان و گردبوونەوەی هاووڵاتیان بە یاسا رێکخراوە بەپێی بڕیاری ژمارە (١٧)ی ساڵی 2010، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە رۆژی 8ی کانوونی یەکەمی 2010  یاسای ژمارە (11)ی ساڵی ٢٠١٠ کە بە (یاسای رێکخستنی خۆپیشاندان لە هەرێمی کوردستان- عێراق) ناسراوە پەسەند کردووە. بە سوودوەرگرتن لە یاسای خۆپیشاندان و ئەو ئازادییەی بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان لەم یاسایەدا دیاری کراوە، تەنیا لە ماوەی  ساڵی ٢٠١٦  نزیکەی (٥٠) خۆپیشاندانی جیاجیا لە شاری هەولێر ئەنجام دراوە لەلایەن قوتابیان و ماموستایان و ڕۆژنامەنووسان و بەڵێندەران و چین و توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵگا کە داوای مافی  رەوای خۆیان کردووە و لە هیچ یەکێک لە خۆپیشاندانەکان توندو تیژی لێنەکەوتۆتەوە و دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکوومەت ئەرکی پاراستنی خۆپیشاندانەکانیان ئەنجام داوە، تەنانەت مافی دامودەزگا و کارمەندانی حکوومەت پێشێل کراوە.

5-     ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان به‌پێی یاسای ژماره‌ (4)ی ساڵی 2011 دامه‌زراوه‌، ئه‌م یاسایه‌ له‌ 2/5/2011 له‌ دانیشتنی ژماره‌ 11ی په‌رله‌مانی كوردستان گفتوگۆی له‌سه‌ر كراوه‌ و دواتر په‌سند كراوه‌ و، ئێستایش كار به‌و یاسایه‌ ده‌كرێت. ئه‌نجوومه‌نەکە ‌ پێك‌دێت له‌: ده‌زگای ئاسایشی هه‌رێم، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی هه‌واڵگریی سه‌ربازی و ئاژانسی پاراستن و زانیاری. بۆیە ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان بە هیچ شێوەیەک حزبی نییە. هەروەها هێزەکانی دژەتیرۆر و ئاژانسی پاراستنی هەرێم لە شەڕی دژی داعش رۆڵێکی سەرەکییان هەیە و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ئەمریکا هەماهەنگییەکی تەواویان لەگەڵیاندا هەیە و، لەم رووەوە چەندین پرۆسەی هاوبەشیان ئەنجام داوە لە راوەدوونانی داعش و رزگارکردنی هاووڵاتیانی بێتاوان و ئێزدییە رفێندراوەکان و پرۆسەی ئازادکردنەوەی ناوچەکانی ژێردەستی داعش، ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە کە هێزێکی رێکخراوە و هاوپەیمانان هەماهەنگییان لەگەڵ دەکەن.

6-     سەبارەت بە هەوڵەکانی دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێم لە رووی پاراستنی پیکهاتەکان، رۆژی 25/11/2014  ئەنجوومەنی وەزیران لێژنەیەكی دامەزراند بۆ كۆكردنەوەی زانیاری و بەدواداچوون لە كەیسی ئێزدییە رفێندراوەكان و بودجەیەكی تایبەتی تەرخان كردووە بۆ رزگارکردنیان. لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەی حکوومەتی هەرێم توانراوە ژمارەیەکی زۆر لە رفێندراوەکان ئازاد بکرێن، تا ئێستا (2908) یان رزگار کراون لەوانە (1504) ئافرەت و (325) پیاو و ( 765) کچ و (753) کوڕ رزگار کراون، ئەوانەی تا ئێستا رزگار نەکراون ژمارەیان (3509) کەسە لەوانە (1724) ئافرەت و (1785) پیاو. لەلایەکی دیکەوە حكوومەتی هەرێم لێژنەیەكی دامەزراندووە بۆ بە جینۆسایدناساندنی كە پێكهاتووە لە نوێنەرانی وەزارەتە پەیوەندیدارەكان ئەركی سەرەكیی ئەم لێژنەیە كۆكردنەوەی زۆرترین بەڵگە و دوكیۆمنتە لەسەر تاوانەكانی داعش و، لەم بوارەوە تا ئێستا بە هەزاران بەڵگە لەسەر ئەم تاوانە كۆ كراونەتەوە، هەروەها چەندین لێژنەی لاوەكی دامەزراوە لە ناوەوە و دەرەوەی كوردستان لە ئەمریكا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، هۆڵەندا، یەكێتیی ئەورووپا و دەستیان بە كارەكانیان كردووە بۆ ناساندنی ئەم كەیسە بە جینۆساید و پێشكەشكردنی بەڵگە پەیوەندیدارەكان بۆ دادگای باڵای تاوانی نێودەوڵەتی لە لاهای.

7-     سەبارەت بە کەمایەتییە ئایینی و مەزهەبی و ئیتنییەکانی تر، هەرێمی کوردستان تاکە شوێنە لە سەرتاپاى وڵاتى عێراق کە تیایدا هەموو کەمینەکان هەست بە ئاسوودەیى دەکەن و، تەنانەت یەک کەیسیش نییە کە لە هەرێمى کوردستاندا یەکێک لە سەر جیاوازیى نەتەوەیى رووبەڕووى کێشە بووبێتەوە، چونکە حکوومەتی هەرێم بەردەوام پشتگیریی لە پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی دەکات، بۆ نموونە کۆمەڵگایەک لە ساڵی ١٩٧٨ لەسەر زەوی گوندی (گاڤانا) لە دهۆک کە زەوی برا کریستیانییەکان بووە درووست کراوە بۆ راگواستنی خەڵکی چۆمان، نیازی رژێمی بەعس لەم کارە نانەوەی ئاژاوە لە نێوان موسڵمان و کریستیانییەکان بوو، بۆیە کۆمەڵگای بۆ موسڵمانان لەسەر زەوی برا کریستیانییەکان درووست کردووە، سەرەڕای ئەمەش حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە روانگەی رێزگرتن لە ئایین و نەتەوەکانی دیکە، بۆیە لیژنەیەک بۆ داواکاری ئەم برا کریستیانانە پێک‌هێنرا و ئێستا لیژنەکە گەیشتۆتە دوایین قۆناغی کارەکانی و پێشنیازیان پێشکەش کردووە کە وەک حاڵەتێکی (استثناء) زەوی ئەم برا کریستیانانەی لە ناوچەکە بۆیان بگەڕێتەوە و، داوا لە ئیدارەی پارێزگای دهۆک کراوە کە جێبەجێی بکات.

8-     حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە هەوڵ و کۆششەکانیاندا بەردەوامن لە رووبەڕووبوونەوەى گەندەڵى، بەڵام ئەوەى جێگاى سەرنج و تێبینیمانە لەم راپۆرتەى وەزارەتى دەرەوەى ئەمرێکا هیچ ئاماژەیەک بە هەوڵەکانى حکوومەتى هەرێمى کوردستان نەکردووە، دیارە گەندەڵییش بووە بەدیاردەیەک لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى و رووبەڕووبوونەوەى گەندەڵییش پڕۆسەیەکى بەردەوامە و حکوومەتى هەرێمى کوردستان بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانى بۆ نەهێشتنى ئەم دیاریدەیە و، رادەستکردنى گەندەڵکاران بە دادگا. لەم رووەوە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رۆژی لە 10/ 2/ 2016 بە فەرمانی بەڕێز سەرۆكی هەرێم بڕیاری دەرکرد بۆ بە خێرا ئەنجامدانی چاكسازیی لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و دامودەزگا پەیوەندیدارەكانی هەرێم، لێژنەکە رۆژی 15/2/2017 ڕاپۆرتی تایبەت بە هەنگاوەكانی پڕۆسەی چاكسازی بڵاو کردەوە، بەپێی راپۆرتەکە نزیكەی (100) دۆسیەی بۆ لێكۆڵینەوە داوەتە دەستەی دەستپاكی.

9-     سەبارەت رەوشی گیراوان و ئەشکەنجەدانیش حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە رێگاى (لیژنەى باڵاى هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەى راپۆرتە نێو دەوڵەتیەکان) بە هاوکارى لەگەڵ یۆنامى بڕیاری داوە، تاسک فۆرس دابمەزرێنێت بۆ بەدواداچوون و چاودێرىکردنى گشت سێکتەرەکان وە رێگریکردن لە هەر کارێکى نامرۆییانە کە روو دەدەن بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی شەفاف بخرێنە روو  و چارەسەر بکرێن.

سکرتاریەتی لیژنەى باڵاى هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەى راپۆرتە نێو دەوڵەتییەکان
6/3/2017

هەواڵی پەیوەندیدار