٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

چاودێرێکی سیاسی: پەکەکە دەیەوێ شنگال بە دەردی منبج ببات

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info-  چاودێرێکی سیاسی بەدووری نابینێت ھاوشێوەی شاری منبج کە ڕادەستی ڕژێمی سووریای کردەوە، پەکەکە ناوچەکانی شنگال رادەستی ھێزەکانی دەوڵەتی عێراق بکاتەوە و ئاماژەی دا، ھەر ناوچەیەک پەکەکە نەیتوانێت لێیەوە بەرگری لەخۆی بکات رادەستی ھێزێکی دیکە دەکاتەوە، ئەوەش نھێنی ئەو رێککەوتنە ئاشکرا دەکات، کە پەکەکە لەگەڵ (بەشار ئەسەد) ھەیەتی بۆ رادەستکردنی چەند ناوچەیەکی سووریا.


دوای دەستپێکردنی شۆڕشی گەلانی سووریا، شاری منبج کەوتە ژێر کۆنتڕۆڵی سوپای سووریای ئازاد، لە ساڵی ٢٠١٤ داعش دەستی بەسەر شارەکەدا گرت و، لە ساڵی رابردوو ھێزەکانی سووریای دیموکرات کە پەکەکە ھێزێکی سەرەکییانە، ئۆپەڕاسیۆنێکیان ئەنجام دا بۆ گرتنەوەی شارەکە و دەوروبەری و توانییان شارەکە بگرنەوە، بەگوێرەی زانیارییەکان، لە شەڕی منبجدا ١٤٠٠ کەس بوونەتە قوربانی، پەکەکەش خۆی دەڵێ لە شەڕی منبجدا ٣٠٠ چەکداریان لێ کوژراوە، ئەمە ئەو نموونە بەرجەستەیەیە کە (دڵشاد نامیق)ـی چاودێری سیاسی گەیاندووەتە ئەو باوەرەی بڵێ: "چەکدارانی سەربە پەکەکە لە رۆژئاوای کوردستان دەستیان لەگەڵ رژێمی (بەشار ئەسەد) تێکەڵ کردووە."

ئەو چاودێرە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی دەڵێ "دوای ئەو ھەموو قوربانیدانە جارێکی دیکە پەکەکە شاری منبج و دەوروبەری رادەستی ھێزەکانی سەربە رژێمی (بەشار ئەسەد) کردەوە، ھەتا لە بەیانێکی فەرمیدا ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی منبج کە سەربە پەکەکەیە دەڵێ، ئێمە ھەندێ شوێنی خۆمان رادەستی پاسەوانی سنووری سووریا کردووە، دیارە ئەوانیش سەربە رژێمن، کەواتە دوای چوار ساڵ نەمانی دەستەڵاتی (بەشار ئەسەد) پەکەکە بووە ھۆی ئەوەی رژێم بگەڕێتەوە منبج و دەوروبەری، رێگایەکی وشکانی ستراتیژیی کەوتە دەست ھێزەکانی رژێمی (بەشار ئەسەد)، ئیشتایش پاساو دەھێننەوە گوایە بە رێککەوتن لەگەڵ رووسیا ناوچەکەیان رادەستی (بەشار ئەسەد) کردووتەوە."

(دڵشاد نامیق) لەبارەی ئەو دۆخە نەخوازراوەیشەوە کە پەکەکە لە شنگال ناویەتییەوە، بە وا مەترسییەک ناوی دەبات کە ئەگەر بێتو ھێزێک بچێتە شنگالەوە و بەارنەبەریان بوەستنەوە، "گومانی تێدا نییە پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە- ئەو ناوچانە رادەستی ھێزەکانی سوپای عێراق بکەنەوە"، (نامق) جەخت دەکاتەوە، ئەوان(پەکەکە) لەھەر شوێنێک خۆیان توانای بەرگرییان نەبێت، ئامادەن ئەو ناوچەیە رادەستی هەر رژێمێکی داگیرکار بکەن و، "من بەدوور نابینم ئەوەی لە منبج روویدا لە شنگال دووبارە ببێتەوە و، پەکەکە شنگال رادەستی عێراق بکاتەوە."
ئەو چاودێرەی سیاسەت هەروەها دەڵێ "ئەمە ئەو ھاوپەیمانەتییە شاراوەیە ئاشکرا دەکات، کە پەکەکە لەگەڵ (بەشار ئەسەد) ھەیەتی دەرکەوتن بۆ خەڵک و، ئاشکراکردنی ئەو راستییەیە ھەر شوێنێک بکەوێتە مەترسییەوە پەکەکە ئامادەیە رادەستی داگیرکارانی کوردستانی بکاتەوە."

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار