٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

پەكەكەی داگیركار و دۆڕاوە ناوخۆییەكان

سەرچاوە: KDP.info

 

گرفتی سەرەكیی پەكەكە هزر و جۆری بیركردنەوەیەتی، خۆسەپاندن و دەركردنی خەڵك و ڕێگەگرتن لە چالاكیی سیاسیی تر و، داگیركردنی جیۆگرافیا ئەو تایبەتمەندییانەن كە پەكەكەی بە عەمەلی كردووەتە حزبێك كە سەرچاوەی سەرئێشە و تەنگوچەڵەمەیە بۆ خەڵكی كوردستان لە هەر چوار پارچە.

كارنامەی پەكەكە لە باكوور زۆر ڕوونە، بەهۆی هەڵەی ئەوان و كردەی توندوتیژیی ئەوان بوو، كورد لە خەباتی سیاسی و پارلەمانی بێبەش بوو. شەڕیان بردە ناو شارەكان و خەندەقیان لەناو شوێنی سڤیل لێ دا و نەیشیانتوانی بەرگری بكەن و خەڵكی بێتاوان كەوتنە ژێر پۆستاڵی سوپای توركیا. هەر پەكەكە بوو كە بوو بەهۆی ئەوەی بە سەدانهەزار خەڵك لە باكوور شارەكان بەجێ بهێڵن و كۆچ بكەن.

لە ڕۆژئاوا جگە لە تیرۆر و تۆقاندن و ئازاردانی خەڵك و ڕێگەگرتن لە چالاكیی حزبەكان هیچی تریان نەكردووە. ئاڵای كوردستانیان سووتاند و بە زەبری چەك خۆیان بەسەر خەڵك سەپاندووە و، ڕێگرن لەوەی خەڵكی تێكۆشەر بگەڕێنەوە وڵاتەكەیان و بە ئاشكرا نۆكەرایەتیی ڕژێم دەكەن.

لە ڕۆژهەڵات بە ئاشكرا دوژمنایەتیی هێزە ڕەسەكان دەكەن و، هزری دژی نەتەوە لەناو گەنجەكان بڵاو دەكەنەوە.

لە هەرێمی كوردستانیش مایەی سەرئێشەی زۆرن. پەكەكە ڕێگەی لە ئاساییبوونەوەی ژیان و كار و كاسبیی خەڵك گرتووە. بەهۆی بوونی ئەوانەوە 515 گوندی هەرێمی كوردستان ئاوەدان نەكراون. 304 گوند لە دهۆك، 177 گوند لە هەولێر و 34 گوندیش لە پارێزگای سلێمانی هێشتا بەهۆی پەكەكەوە خەڵك ناتوانێ بگەڕێنەوە و ژیانی خۆیان دەستپێبكەن. هەر شوێنێك ئەوانی لێ بێت ژیانی ئاساییش پەكی دەكەوێت. پرسیار ئەوەیە پەكەكە بە چ حەقێك گوند و مڵك و سامانی خەڵكی ئاسایی كوردستان داگیر دەكات؟، ئێستا بوونی ئەوان لە دەڤەری شنگالیش بەر لە هەر لایەنێك زیان و هەڕەشەی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ژیانی خەڵكی ناوچەكە. هەتا ئەوان لەوێ بن ڕێگە نادەن خەڵكی تر بگەڕێنەوە و ناوچەكانیان ئاوەدان بكرێنەوە.

سیاسەتی پەكەكە لە داگیركردنی زەوی و مڵكی خەڵك و گوندەكان بە دەرەجەی یەكەم دژایەتیكردنی ئاشكرای ژیان و سەقامگیریی هاووڵاتیانی ئاسایی كوردستانە. ئەوەی پەكەكە لە شنگال دەیكات، هەمان درێژكراوەی ئەو سیاسەتەیە كە لە ساڵانی ڕابردوو لە 515 گوندی داگیركراو لە هەرێمی كوردستان ئەنجامی داوە.

پەكەكە بە داگیركردنی ئەو هەموو گوندەی هەرێمی كوردستان هێشتا تێر نەبووە و چاوی لە داگیركردنی شنگالە، ئەویش بە یارمەتیی چەند كۆنەبەعسی و جاشی سەر بە مالیكی.

بە گشتی، پەكەكە و كلكەكانی نەیانتوانیوە هیچ دەستكەوتێك بۆ كورد بە دەست بێنن، ئێنجا كەوتنە پیلانگێڕی و وای بۆ دەچن مادام خۆیان مایەپووچ دەرچوون و هیچیان پێنەكرا، ئەوا نابێ كەسی تریش هیچ سەركەوتنێك بەدەست بێنێت.

لە كۆتاییدا ئەوە دەڵێین، هەندێك دۆڕاوی سیاسی ئەگەر پێیان وابێت بە خۆهەڵواسین بە پەكەكە ڕزگاریان دەبێت، ئەوا با دڵنیا بن پەكەكە وەفای بۆ كەس نییە و دواجار پەنجەی پەشێمانی دەگەزن. با هەموو لایەكیش دڵنیا بێت ڕێگا نادرێت پەكەكە لە هەرێم ببێتە دەستەڵات، ئەگەر هەندێ لایەنی سەرلێشێواوی ناوخۆییش لەبەر لاوازیی خۆیان دەهۆڵیان بۆ بكوتن.

هەواڵی پەیوەندیدار