٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پەیامی جێگری سەرۆکی پەرلەمان لە بیرەوەریی ڕێککەوتننامە شوومەکەی جەزائیردا

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-   جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە بیروەریی ڕێککەوتننامە شوومەکەی جەزائیردا پەیامێکی بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتووە: ڕێككەوتننامەی جەزائیر، ئەگەرچی مەترسیدارترین نەخشە و پیلان بوو دژی گەلی كوردستان، بەڵام پیلانەكە سەری نەگرت و شۆڕشی گوڵان، وەكو درێژەپێدەری شۆڕشی ئەیلوول بەرپابوو و لەئەنجامدا بەشێكی زۆری هیوا و ئاوات و داخوازییەكانی گەلی كوردستان بەدی هاتن، كە ئەمڕۆ لەژێر ئاڵای پیرۆزی كوردستاندا، بەری خوێن و قوربانیدانی دەچنێتەوە.

دەقی پەیامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان

لە 6ی ئاداری 1975دا و لە پیلانێكی دژ بە شۆڕشی ئەیلوول و بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستاندا، ڕژێمی بەعس و شای ئێران بە میانگیریی سەرۆكی ئەوكاتی دەوڵەتی جەزائیر، ڕێككەوتننامە شوومەكەی "جەزائیر"یان ئیمزا كرد .

ئەو پیلانە لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە دارێژرا، وەكو نەخشەیەكی نەگریس بۆ ڕێگرتن لە خەبات و كۆڵنەدان و خۆڕاگریی گەلی كوردستان و سەركردایەتیی شۆڕشی ئەیلوول، ئەو شۆڕشە مەزنەی كە حكوومەتی مەركەزیی لە بەغدا تووشی شۆك و شكست کرد و ناچاری كرد بە شێوەیەكی فەرمی لە ڕێككەوتنی 11ی ئاداری 1970دا ددان بە مافە نەتەوەیییەكانی گەلی كورد لە كوردستانی عیراقدا بنێت.

رێككەوتننامەی جەزائیر ئەگەرچی مەترسیدارترین نەخشە و پیلان بوو دژی گەلی كوردستان، بەڵام پیلانەكە سەری نەگرت و شۆڕشی گوڵان، وەكو درێژەپێدەری شۆڕشی ئەیلوول بەرپابوو و لەئەنجامدا بەشێكی زۆری هیوا و ئاوات و داخوازییەكانی گەلی كوردستان بەدی هاتن، كە ئەمڕۆ لەژێر ئاڵای پیرۆزی كوردستاندا بەری خوێن و قوربانیدانی دەچنێتەوە .

   لەم بیرەوەرییە تاڵ و پر لە ئازارەدا، هیواخوازین پەند و وانە لە هەوراز و نشێو وەربگرین و ئەو تراژیدیا و نەهامەتییانەی بەسەر گەلەكەماندا هاتوون، دووبارە نەبنەوە و تەبایی و یەكڕیزی و بەخۆداچوونەوە بكرێنە پڕەنسیپی كاركردن لەپێناوی بەدیهێنانی ئاوات و ئامانجی سەرەكی و ستراتیژیی میللەتەكەماندا.

د. جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی
جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان
6/3/2017

هەواڵی پەیوەندیدار