٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر سکاڵای لەدژی کۆمپانیای کەناڵە ناوخۆیییەکان تۆمار کرد

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر لەدژی پڕۆژەی ئامێری کەناڵە ناوخۆیییەکان سکاڵایەکی لەلای داواکاری گشتی تۆمارکرد و داوای کرد، تا دوای قەیرانی دارایی پڕۆژەکە ھەڵبگیرێت.

(عیماد ڕەفعەت)، ئەندامی لیژنەی ڕۆشنبیریی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''لەسەر کێشەی ئامێری کەناڵە ناوخۆیییەکان  وەزارەتی ڕۆشنبیری و ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر و داواکاری گشتیی لەگەڵ کۆمپانیای جێبەجێکار کۆبووینەوە و بە ھەرسێ لامان چەند داواکارییەکمان خستە بەردەم کۆمپانیای جێبەجێکار؛ لەوانە، داوامان کرد، کۆمپانیاکە ڕەوشی ئابووریی ھەرێمی کوردستان لەبەرچاو بگرێت و نرخی ئەو ئامێرە بۆ نیوە دابەزێنێت، یان پەخشی کەناڵە ناوخۆیییەکان لەو شوێنانەی بڕاوە، بگەڕێندرێتەوە و پڕۆژەکە بکەوێتە دوای کۆتاییھاتنی قەیرانی دارایی، بەڵام دوای پازدە ڕۆژ، کۆمپانیاکە پێی ڕاگەیاندین، کە ناتوانێت ئەو داواکارییانە جێبەجێ بکات و تەنیا دەتوانێت پازدە ھەزار لە نرخی ئامێرەکە دابەزێنێت.''

ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر گۆتی: ''ئێمە، وەک ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر، لیژنەی ڕۆشنبیری لەلای داواکاری گشتیی سکاڵامان تۆمار کردووە و داوامان کردووە، مۆڵەتی کارکردنی کۆمپانیاکە ھەڵبوەشێتەوە و لەو شوێنانەی کە بڕاوە، پەخشی کەناڵە ناوخۆیییەکان بگەڕێتەوە، ھەروەسا پڕۆژەکە ھەڵبگیرێت تا ئەوکاتەی قەیرانی دارایی کۆتایی دێت. چونکە ئەو پڕۆژەیە یاسایی نییە و خەڵک توانای ئەوەی نییە ئامێرێک بەو نرخە بکڕێت. تەنانەت نوێنەری داواکاری گشتی لە کۆبوونەوەکەدا پێی ڕاگەیاندن، پڕۆژەکە یاسایی نییە و پێویستە گۆڕانکاری تێدا بکرێت.''

(عیماد ڕەفعەت) دەشڵێ: ''پێویستە لەکاتی جێبەجێکردنی پڕۆژەکەدا بە شێوەیەکی ئاشکرا و بە تەندەر بدرێتە کۆمپانیاکان، ھەموو کۆمپانیایەکیش مافی ئەوەی ھەبێت لەو پڕۆژەیەدا بەشدار بێت. بەڵام ھەرچوونێک بکرێت، دەبێ بکەوێتە دوای قەیرانی دارایی و ئێستا دژی ئەوەین، کە پڕۆژەیەکی وەھا بخرێتە واری جێبەجێکردنەوە.''

قائید میرۆ
 

هەواڵی پەیوەندیدار