٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

یەکێک لەو فڕۆکانەی کیمیابارنی هەڵەبجەی پێ کرابوو، لە مۆنۆمێنت دانرا

سەرچاوە: KDP.info

هەڵەبجە-KDP.info-   ئەمڕۆ یەکێک لەو دەیان فڕۆکەیەی ساڵی ١٩٨٨ بۆمبی کیمیایی بەسەر شاری هەڵەبجەدا باراند، گەڕێندرایەوە بۆ هەڵەبجە و لە مۆنۆمێنتی هەڵەبجەدا دانرا.

سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانییانی هەڵەبجە (لوقمان عەبدولقادر) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕایگەیاند: ''ئەمڕۆ بە هەوڵی چەند دڵسۆزێک توانیمان یەکێک لەو دەیان فڕۆکەیەی ڕژێمی بەعس کیمیابارانی هەڵەبجەی پێ کردبوو، لە کەرکووکەوە بیگەڕێنینەوە بۆ هەڵەبجە و لە مۆنۆمێنتی هەڵەبجەدا دایبنێین، کە ئەمە بەڵگەیەکی دیکەی ئەو تاوانەیە، وا ڕژێمی بەعس دەرهەق بە هەڵەبجە کردوویەتی.''

(لوقمان عەبدولقادر) دەڵێ: ''داوا لە هەموو لایەک دەکەین، هاوکاریمان بکەن بۆ هێنانەوەی ئەو کەرەستانەی کە سەدامی خوێنڕێژ و دارودەستەکەی تاوانی هەڵەبجەیان پێ ئەنجام دا، بۆ ئەوەی وەکو بەڵگە بەکاریان بێنین بۆ ناساندنی جینۆسایدی هەڵەبجە.''

(سەلام ڕەشید)، کە لە خانەوادەکەیدا پێنج شەهیدی هەیە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''هێنانەوەی ئەو فرۆکەیەی تاوانەکەی هەڵەبجەی پێ ئەنجام دراوە، بۆ کەیسی شەهیدانی هەڵەبجە گرینگە. کاتێک وێنەی ئەو فڕۆکەیەم دیت، تاوانەکەی هەڵەبجە و برا و خوشکە شەهیدەکانم هاتەوە بەرچاو و فرمێسک بە چاوەکانمدا هاتە خوارەوە.''

(سەلام ڕەشید) گوتیشی: ''داواکارم لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کار بکات بۆ سزادانی هەموو تاوانبارانی کیمیابارانی هەڵەبجە و قەرەبووکردنەوەی خانەوادەی شەهیدان لەڕووی مادی و مەعنەوییەوە.''

ڕێکەوتی ١٦ی ٣ی ١٩٨٨ ڕژێمی بەعس هەڵەبجەی کیمیاباران کرد و لەئاکامدا پێنج هەزار کەس شەهید بوون.

هێڤیار هەڵەبجەیی

هەواڵی پەیوەندیدار