"ئێران بە چوار بەرانبەری نرخەکەی، گاز بە عێراق دەفروشێت"

ئاژانسەکان-KDP.info- بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی (عەرەبی جەدید)، ڕێککەوتنێک لەنێوان وەزارەتەکانی نەوتی عێراق و ئێراندا واژۆ کراوە، کە بەگوێرەی ئەو ڕێککەوتننامەیە، ئێران بە نرخێکی زۆر گرانتر لە بازاڕەکانی جیهان، واتە بە چوار بەرانبەری نرخی بازاڕ، گازی سرووشتی بە عێراق دەفرۆشێت.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی نەوتی عێراق بە ماڵپەرەکەی ڕایگەیاندووە، نرخی یەک ملیون یەکەی گەرمی (کە پێوەری گازە) لە بازاڕەکانی جیهاندا بە دوو دولار و نیوە، کەچی بەپێی ڕێککەوتنەکانی نێوان عێراق و ئێران، ئەو نرخە زۆر زیاترە و دەگاتە دە دۆلار و پەنجا و شەش سەنت.
لەمبارەیەوە، (جەواد ئەوجی)، بەڕێوەبەری کۆمپانیای گازی نیشتمانیی ئێران ڕایگەیاندووە، بەپێی ڕێککەوتن لەگەڵ عێراق بۆ دابینکردنی گازی سرووشتیی وێستگەی کارەبای مەنسوورییە و بەغدا، ڕۆژانە ٢٥ ملیۆن مەتر دووجا گاز ڕەوانەی عێراق دەکرێت، کە نرخەکەی دەکاتە ١٠ ملیۆن دۆلار لە ڕۆژێکدا و، تێچووی ساڵانەکەی دەگاتە ٣ و نیو ملیار تا ٣ ملیار و ٧٠٠ ملیۆن دۆلار.
شایانی باسە، بەرپرسانی ئێران جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە سەرەڕای هەبوونی ئابڵۆقەی ئابووری لەسەر وڵاتەکەیان، کەچی عێراق یەکێکە لەو بازاڕە گەرمانەی بەرهەمەکانی خۆیانی تێدا ساخ دەکەنەوە.




