٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"شای سعوودیە گرینگی بە هەرێمی کوردستان دەدات"

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  لە دیداریدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی کوردستان، سەرپەرشتیاری گشتیی دەزگای شای عەرەبستانی سعوودیە رایگەیاند کە لەسەر راسپاردەی شای سعوودیە سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە و شای سعوودیە گرینگی بە عێراق و هەرێمی کوردستان دەدات.

پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ ٦-٣-٢٠١٧ (نێچیرڤان بارزانی) سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ (د. عبدالله بن عبدالعزیز بن محمد الربیعه)‌ ڕاوێژكار له‌ دیوانی پاشایه‌تیی عه‌ره‌بستانی سعوودیه‌ و سه‌رپه‌رشتیاری گشتیی ده‌زگای (شا سه‌لمان) بۆ هاوكاری و كاری مرۆیی و شاندێكی یاوه‌ری كرد.

له‌ دیدارێكدا (الربیعه‌) وێڕای ده‌ربڕینی خۆشحاڵیی خۆی به‌ سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان، دووپاتی كرده‌وه‌ ئه‌م سه‌ردانه‌ی نیشانه‌ی گرنگیدانی خودی خاوه‌نشكۆ شا سه‌لمانی شای عه‌ره‌بستانی سعوودیه‌ یه‌ به‌ عیراق و هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌تی، چونكه‌ سه‌ردانه‌كه‌ی له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی ڕاسته‌وخۆی به‌ڕێزیان بووه‌‌‌ و تێیدا لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌رباره‌ی كردنه‌وه‌ی سه‌نته‌ری شا سه‌لمان له‌ هه‌رێمی كوردستان بۆ پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری و هاوكاریی مرۆیی ده‌كه‌ن.

هیوایشی خواست هه‌رێمی كوردستان به‌سه‌ر ئه‌و هه‌موو كێشه‌ و قه‌یرانانه‌دا زاڵ بێت كه‌ ڕووبه‌ڕووی بوونه‌ته‌وه‌ و بتوانێت به‌ هاوكاریی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی یارمه‌تیی ئه‌و ئاواره‌ و په‌نابه‌رانه‌ بدات كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان حه‌وێنراوه‌نه‌ته‌وه، هه‌روه‌ها پێكه‌وه‌ژیانی ئایینی و نه‌ته‌وه‌یی له‌ هه‌رێمی كوردستانی به‌رز نرخاند‌.

لای خۆیه‌وه‌ سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی ئه‌و سه‌ردانه‌ و هاوكارییه‌ مرۆییه‌كانی عه‌ره‌بستانی سعوودیه‌ی بۆ هه‌رێمی كوردستان كرد و تیشكی خسته‌ سه‌ر دۆخی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌و سه‌ختیانه‌ی له‌ ساڵی ٢٠١٤ه‌وه‌ ڕووبه‌ڕووی بوونه‌ته‌وه‌ وه‌ك بڕینی به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێم له‌لایه‌ن به‌غداهوه‌ و هێرش و هه‌ڕه‌شه‌ی تیرۆرستانی داعش و هاتنی ژماره‌یه‌كی زۆری ئاواره‌ و په‌نابه‌رانی ده‌ستی تیرۆر و دابه‌زینی نرخی نه‌وت كه‌ كاریگه‌رییه‌كی زۆر نه‌رێنییان له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان هه‌بووه و به‌هۆیه‌وه‌ نزیكه‌ی ٣٥٠٠ پڕۆژه‌ وه‌ستاون. هیوایشی خواست هه‌رێمی كوردستان بتوانێت سوودمه‌ند بێت له‌ سندوقی پاره‌داركردنی سعوودیه‌ كه‌ پاره‌ به‌ قه‌رز ده‌داته‌ پڕۆژه‌كان له‌ وڵاتان‌.

دووپاتیشی كرده‌وه‌ خه‌رجی ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ ساڵێكدا له‌سه‌ر حكوومه‌تی هه‌رێم زیاتر له‌ له‌ ملیارێك و ‌چوارسه‌د ملیۆن دۆلار ده‌كه‌وێت و به‌غداش به‌ جددی ئاوڕی له‌م پرسه‌ نه‌داوه‌ته‌وه‌‌، هه‌روه‌ها داوای كرد ‌ ده‌زگای شا سه‌لمان له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ست به‌كار بێت و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش به‌ ڕاپۆرتێك ده‌رباره‌ی پێویستییه‌ مرۆییه‌كانی هه‌رێم به‌ ڕیگه‌ی كونسووڵخانه‌ی گشتی عه‌ره‌بستانی سعوودیه‌وه‌ ‌ پێشكه‌ش به‌ ده‌زگای شا سه‌لمان ده‌كه‌ن.

سه‌باره‌ت به‌ بارودۆخی عێراقیش جه‌ختی له‌‌ گرنگیی به‌شداریپێكردنی هه‌موو لایه‌نه‌كان له‌ پرۆسه‌ی سیاسی و به‌ڕێوه‌بردنی عیراقدا كرده‌وه،‌ چونكه‌ ئه‌وه‌ی له‌ عێراق ڕوویداوه‌ ئه‌نجامی ئه‌و سیاسه‌ته‌ هه‌ڵانه‌یه‌ كه‌ له‌لایه‌ن حكوومه‌ته‌كانی عیراقه‌وه‌‌ په‌یڕه‌و كراون‌.


له‌ كۆتایی دیداره‌كه‌دا به‌ڕێز الربیعه‌ یادگارێكی ده‌زگای شا سه‌لمانی پێشكه‌ش به‌ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی كرد.
 

هەواڵی پەیوەندیدار