عەللاوی، ئێران بە بەرپرسی نائارامییەکانی عێراق دەزانێت

ئاژانسەکان-KDP.info- جێگری پێشووی سەرۆککۆماری عێراق، حکوومەتی ئێران تۆمەتبار دەکات بەوەی کە بەرپرسە لە شەڕ و نائارامییەکانی نێوخۆی عێراقدا.
سایتی (العالم)ی ئێران، دیمانەیەکی (ئەیاد عەللاوی)، جێگری پێشووی سەرۆککۆماری عێراقی لەگەڵ کەناڵی (فۆکسنیوزی) بڵاوکردەوە، کە تێیدا (عەللاوی) ئاماژە بە هەڵەی (باراک ئۆباما)، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەکات و هیواخوازە (دۆناڵد ترەمپ)، سەرۆکی ئێستای ئەمریکا هەڵەکانی سەرۆکی پێشووی وڵاتەکەی قەرەبوو بکاتەوە.
سەرچاوەکە بەشێک لە لێدوانەکەی (ئەیاد عەللاوی)ی بڵاوکردووەتەوە، کە دەڵێت: ''هەڵەی سەرەکیی (ئۆباما) دوورکەوتنەوە لە عێراق بوو، لەکاتێکدا کە عێراق پێویستیی بە پشتیوانیی ئەمریکا بوو و، نەیدەتوانی لەسەر پێی خۆی ڕابوەستێت، کەچی (ئۆباما) پڕکردنەوەی ئەو بۆشایییەی بە ئێران سپارد.'' هەربۆیە (عەللاوی) ئێران بە هۆکاری شەڕ و نائارامییەکان دەزانێت و ئاماژە بەوە دەکات کە ''بەهۆی سیاسەتی ئەوکاتی سەرۆکی ئەمریکاوە، لایەنگرانی ئێران لە عێراق دەسەڵاتیان بەدەستەوە گرت.''
شایانی باسە، ئەو لێدوانەی (ئەیاد عەللاوی)، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق، لەکاتێکدایە، کە حکوومەتی بەغدا پێشوازیی لە بوونی هێزەکانی ئێران، وەک ڕاوێژکاری سەربازی لەنێو عێراقدا کردووە و جەختیان لەسەر پێویستیی بوونی ئەو هێزانە لە شەڕی داعشدا کردووەتەوە.




