"پەکەکە شۆفڵ و گرێدەری ڕژێمی سووریای هێناوە، دەیەوێ ماڵی ئەندامانی ئەنەکەسە بڕوخێنێت"

ڕۆژئاوای کوردستان-KDP.info- لە شارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان جموجۆڵی ترسناک دەبینرێت و چالاکوانانی سیاسیش دەڵێن، ترس و دڵەراوکێ لەنێو خەڵکدا بڵاو بووەتەوە و پەکەکە گرێدەر و شۆفڵی رژێمی سووریای هێناوەتە نێو شارەوە.
خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان ترسیان لە پیلانەکانانی (پەیەدە) هەیە. (ئیسماعیل مەحموود)، خەڵکی شاری دێرکێی ڕۆژئاوای کوردستان، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕایگەیاند: ''لە شارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان گەلێک شۆفڵ و گرێدەر بینران و دەڵێن، ئەمانە لەلایەن ئیدارەی دیمەشقەوە بۆ (پەیەدە) نێردراون و ترسی ئەوە هەیە، ماڵی ئەو خێزانانە بڕوخێنرێت کە لایەنگری ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردستان لە سووریا (ئەنەکەسە)ن.''
(ئیسماعیل مەحموود) گوتی: ''لە فەرمانگەکانیشدا بەدوای خەڵکەوەن، بزانن هەرکەسێک سەر بە خۆیان نییە، لە کار دووری دەخەنەوە. ئیستاش گەڕەک بە گەڕەک خەڵک دادەنێن، بە ناوی ئەنجوومەنی گەڕەکەکان، کە کاریان کۆکردنەوەی زانیارییە لەسەر ئەو گەنجانەی پشتیوانیی (ئەنەکەسە) دەکەن.''
(دلۆڤان هالۆ)، لە عاموودای ڕۆژئاوای کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''هێزی چەکدار لەنێو شارەکان بڵاوکراوەتەوە، سەرجەم بارەگاکانی (ئەنەکەسە) هێزی سەربازیی (پەیەدە)ی لێیە و لە ترسی خۆپێشاندان ڕێ بە خەڵک نادرێت، لە کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا بەشدار بن و، دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان زۆر ترسناکە و خەڵک لە دڵەراوێکدایە.''
(ئیبراهیم سلێمانی)، کادیری پێشکەوتووی پارتی دیموکراتی کوردستان-سووریا (پ.د.ک.س) لە عاموودا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''کادیرانی (ئەنەکەسە) کەوتوونەتە ژێر گوشار و هەڕەشە و چاوسووکردنەوە و ڕفاندن و تاڵانکردنی ماڵی خەڵک دەستی پێ کردووە و (پەیەدە) بە هەموو شێوەیەک ڕێگری دەکات لە هەر چالاکی و هەوڵێک کە بۆ دیموکراسی و مەدەنییەت بدرێت.''
(ئیبراهیم سلێمانی) دەشڵێ: ''لە ئەگەری ڕوودانی هەر ڕووداوێکدا (پەیەدە) بەرپرسیاری یەکەمە.''
کارزان سەباح هەورامی




