٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"حەشدی شەعبی لە خورماتوودا نییەتی شەڕێکی دیکەی ھەیە"

سەرچاوە: KDP.info

خورماتوو-KDP.info-  شەوی ڕابردوو لە خورماتوو ھێرش کرایە سەر ماڵی ئەفسەرێکی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان و بەڕێوەبەری ئاسایشی خورماتووش دەڵێ، حەشدی شەعبی نییەتی شەڕی ھەیە و خۆئامادەکردنێک بەدی دەکرێت و لە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی حەشددا، ھاووڵاتیانی کورد دەکرێنە ئامانج.

(فارووق ئەحمەد)، بەڕێوەبەری ئاسایشی خورماتوو بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''شەوی ڕابردوو چەکدارەکانی حەشدی شەعبی لەنێو سەنتەری خورماتوو بە نارنجۆک ھێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەفسەرێکی سەر بە یەکەکانی ٧٠ی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، بەڵام جگە لە زیانی ماددی ھیچ زیانی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە؛ ماڵی ئەفسەرە کوردەکە دەکەوێتە نزیک مەڵبەندی یەکێتی و زیاتری ئەو ناوچەیە لەژێر کۆنتڕۆڵی ھێزەکانی حەشدی شەعبیدایە و ئەوان بەرپرسن لەوەی کە لەو ناوچەیەدا چی بەسەر ھاووڵاتیانی کورددا دێت.''

بەڕێوەبەری ئاسایشی خورماتوو ئاشکرای كرد: ''حەشدی شەعبی نییەتی خراپە و دەیەوێت لە قەزای خورماتوو شەڕ هەڵگیرسێنێت، چونکە دەستیان بە لێدانی سەنگەر و دانانی بەربەست کردووە، ئەوەش نیشانەی ئەوەیە، کە لە خورماتوو نییەتی شەڕێکی دیکەیان ھەیە. لە خورماتوو، لە مانگی نیسانی ساڵی ڕابردووەوە تەنیا شەڕ وەستاوە، دەنا ھەڵکۆتانە سەرماڵان و دەرکردن و ڕفاندنی ھاووڵاتیانی کورد ھەر بەردەوامە.''

(فارووق ئەحمەد) دەشڵێ: ''بڕیاربوو پاراستنی ڕەوشی ئەمنیی خورماتوو بکەوێتە ئەستۆی ھێزێکی ھاوبەش و، ھێزە سەربازییەکان لە شارەکە بچنە دەرەوە، بەڵام ھیچ ھێزێک لە خورماتوو نەچووەتە دەرەوە و، ئەو بڕیارانەی بۆ ھێزە ئەمنییەکان دەرکرابوون، کە ڕەوشەکە کۆنتڕۆڵ بکەن، ھیچیان جێبەجێ نەکراون، لەبەر ئەوەش من بە ڕەوشی خورماتوو گەشبین نیم و ئەگەر وا بڕوات خراپتر دەبێت.''

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار