نوێنەری كریستیانەكان: پەكەكە خاكی ئێمەی داگیر كردووە؛ پێویستە چۆڵی بكەن

هەولێر-KDP.info- نوێنەرێكی كریستیانەكان لە پەرلەمانی كوردستان پێی وایە، ئەوەی پەكەكە دەیكەن لە شنگال ستەمە لە پێكھاتەكان دەكرێت. روونیشی كردەوە كە، پەكەكە ھاتووە خاكی ئێمەی داگیر كردووە، بۆیە پێویستە چۆڵی بكەن.
(كەمال یەڵدا)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "كاتی خۆی (سەرۆك بارزانی) ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە پێشمەرگە چوونەتە كۆبانی بۆ ھاوكاریكردنی كوردانی رۆژئاوا و شكاندنی تیرۆریستانی داعش، دوای بەجێگەیاندنی ئەركەكەیان و كۆنتڕۆڵكردنەوەی شارەكە، گەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان لە ھەرێمی كوردستان، بە ھەمان شێوە پێویستە پارتی كرێكارانی كوردستان "پەكەكە" چەكدارەكانی خۆی لە شنگال بكێشێتەوە، ئەگەر رۆژێك بۆ ھاوكاری ھاتوونەتە ناوچەكە، ئیدی ئەركیان تەواو بووە و پێویست بە مانەوەیان ناكات، داوایش لە ھەموو لایەنە سیاسییەكان دەكەین بە دانوستان كێشەكان چارە بكەن و نێو ماڵی خۆمان رێك بخەینەوە بۆ ئەوەی بتوانین ئەو ناوچانەی لە شنگال ماون، لە ژێر دەستی داعش ئازادیان بكەین".
نوێنەرەكەی كریستیانەكان گوتیشی: "ئێمە خۆمان لە ھەرێمی كوردستان كێشەمان ھەیە لە شەڕی داعشەوە بگرە تا كێشەكانی ئابووری و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و كێشەكان لەگەڵ بەغدا، لە مێژوودا نەبووە ھیچ كێشەیەك بە زەبری چەك چارە بكرێت، تاكە رێگا بۆ چارەكردنی كێشەكان رێگەی دانوستان و لێكتێگەییشتنە".
(یەڵدا) ئەوەیشی خستە ڕوو: "ھەر یەكێك زێدەڕۆیی بكاتە سەر مافی خەڵكی دیكە، پێویستە سازش بكات لەوەی مافی خەڵكی دیكە پێشێل نەكات، پێكھاتەكانی نێو عێراق بە درێژایی مێژوو ستەمیان لێ كراوە، ناتوانین وەك پێویست بەرگری بكەین و دەمانەوێ بە رێگەی یاسا بەرەنگاریان ببینەوە، پەكەكەیش كە ھاتووە خاكی ئێمەی داگیر كردووە، زوڵمە دەیكەن و خاكی ئێمەیە و ئەوان ھاتوونەتە داگیری بكەن، بۆیە پێویستە بە خۆشی لەو ناوچەیە دەربچن".
قائید میرۆ




