سیاسەتمەدارێك: پەكەكە بەڵایە بۆ كورد.. دەیەوێ رێگری لە پڕۆژەی نەتەوەیی بكات

هەولێر-KDP.info- (سەڵاح بەدرەددین) سیاسەتمەداری كورد دەڵێت، پەكەكە بووەتە بەڵا بۆ كورد و پێویستە كوردانی ھەموو جیھان رێگری لێ بكەن، چونكە بۆ تێكدانی پڕۆژەی نەتەوەیی كورد كار دەكات.
سیاسەتمەداری رۆژئاوای كوردستان (سەڵاح بەدرەددین)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "پەكەكە دوای شۆڕشی سووریا ھاتن بۆ ناوچەكە و دەستیان بە كاری خراپ كرد و، پارتەكانی كورد كە بە دەیان ساڵ خەباتیان كردووە بە زەبری چەك خستە لاوە و، چوونی ئەوانیش بۆ سووریا، لەسەر داوای رژێمی سووریا بووە بۆ ئەوەی دژایەتیی كوردی پێ بكەن".
(بەدرەددین) گوتیشی: "سەرۆكی ھەرێمی كوردستان كار بۆ ئەوە دەكات ھەرێمی كوردستان ھەنگاوی دیكە بچێتە پێشەوە بەرەو سەربەخۆیی كە پڕۆژەیەكی نەتەوەییە و، زۆریش ڕوونە لەو كاتەوە پەكەكە كار بۆ تێكدانی ئەو پڕۆژەیە دەكات، بەوەی ھاتن بۆ شنگال كە بەشێكە لە ھەرێمی كوردستان و كێشە دروست دەكەن و دەستیان لەگەڵ ھەندێك لە شیعەكان لە بەغدا تێكەڵ كردووە وەكو حەشدی شەعبی و، ھاوكارییان دەكەن بۆ دژایەتیكردنی كورد، بۆیە ئەوانیش ھەموو كارێك دەكەن بۆ تێكدانی نێوماڵی كورد و لایەنەكان لە دژی یەكتر ھان دەدەن".
ئەو سیاسەتمەدارەی كورد دەشڵێت، "پەكەكە دەیەوێت پڕۆژەی نەتەوەیی كورد كە (سەرۆك بارزانی) كاری بۆ دەكات، تێك بدات و سەر نەگرێت، كە كاری پەكەكە لە كاتی دروستبوونییەوە تا ئێستا تێكدانی پڕۆژە نەتەوەییەكانە، چونكە پەكەكە سەر بە رژێمەكانی ناوچەكە و بەغدایە، كە رەنگە سبەی ببێتە سەر بە وڵاتێكی دیكە، بۆیە پەكەكە بووەتە بەڵایەك بۆ بزاڤی كوردی، لەبەر ئەوە پێویستە كوردی ھەموو جیھان لە بەرامبەر خراپەكارییەكانی پەكەكە بوەستنەوە".
(بەدرەددین) جەختی كردەوە، "پەكەكە ئەجێندای دەرەكی جێبەجێ دەكات و كاری خراپ دەكەن، چونكە ئەوەی لە ھەرێم دەكرێت پڕۆژەی نەتەوەییە و ئەوان دەیانەوێت رێگری لێ بكەن."
بڵند ئیبراھیم




