مەموزینی: پەیامەکەی ئەبوبەکر بەغدادی نیشانەی نەمانی داعشە

مووسڵ-KDP.info- بەرپرسی ڕاگەیاندنی لقی چواردەی مووسڵی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، دوێشەو (ئەبووبەکر بەغدادی) پەیامێکی بڵاوکردوە، تێیدا ئاماژەی بەوە کردبوو، ''کە خاک بۆ ئیمە گرینگ نییە.''
(سەعید مەموزینی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''خەلیفەکەی داعش ئەو پەیامەی بۆ شووڕای ویلایەتی نەینەوا ناردبوو، زۆر ترس و لاوزیی تێدا دیاربوو، مانای نەمانی ڕێکخراوەکە بوو، کە ناتوانێت بەرگریی لە خۆی بکات.'' (مەموزینی) گوتی: ''دەیان چەکداری داعش بەرەو سووریا هەڵدێن.''
(مەموزینی) دەڵێ: ''(ئەبووبەکر بەغدادی) لە بەیاننامەیەکدا بە شانە نووستوەکانی ڕایگەیاندبوو، دەبێ لە کاری خۆتەقاندنەوە و تیرۆریستی بەردوام بن, هەرچەندە تا ئێستا لای چەپی شارەکە ڕزگار کراوە، بەڵام بەردەوام شانە نووستووەکانی داعش خۆیان دەتەقێننەوە.''
ئەو بەرپرسە دەشڵێ: ''(ئەبووبەکر بەغدادی) ڕایگەیاندبوو، خۆی ڕادەستی هیچ هێزێک ناکات، ئەگەر خەلافەتەکەی بەرەو نەمانیش چوو، خۆی دەقێنێتەوە.''
دەربارەی دوایین زانیاریی ڕزگارکردنی لای ڕاستی شاری مووسڵ، (مەموزینی) گوتی: ''ئێستا هێزەکانی عێراق لە (وادی حەجەر)ن، ئەمەش جێیەکی ستراتیژیی شاری مووسڵە.''
کاروان باعەدری




