"پێویستە بەزوویی ڕێککەوتنێکی سیاسی بۆ ئیدارەدانی مووسڵ بکرێت"

مووسڵ-KDP.info- (محیەددین مزووری)، بەرپرسی پێوەندییەکانی لقی چواردەی مووسڵ دەڵێ، پێش ئەوەی مووسڵ بە تەواوەتی ڕزگار بکرێت، پێویستە ڕێککەوتنێکی سیاسی بۆ ئیدارەدانی شارەکە بکرێت، دەنا مووسڵ لەدەست هەموو لایەک دەردەچێت.
بەرپرسی پێوەندییەکانی لقی چواردەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ، (محیەدین مزووری)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''ھێزە عێراقییەکان لەلای ڕاستی شاری مووسڵ بەردەوام پێشڕەوی دەکەن و توانیویانە چەندین ناوچەی گرینگ ئازاد بکەن، بەڵام خەڵکەکە لە دۆخێکی زۆر خراپدان و کەلوپەلی خواردن زۆر بەزەحمەت وەدەست دەکەوێت و نرخەکەیشی زۆر گرانە، بەجۆرێک کە یەک کیلۆ پیاز بە ٣٠ ھەزار دینارە.''
بەرپرسی پێوەندییەکانی لقی چواردەی پارتی لە مووسڵ دەڵێ: ''لەڕووی ئەمنییەوە لای چەپی شاری مووسڵ، کە ماوەیەکە ئازاد کراوە، ئارام نییە و دۆخەکە ئاڵۆزە، بەجۆرێک کە بێت و خەڵک توانای ڕاکردنی ھەبێت، ژمارەیەکی زۆری خەڵکەکە ڕادەکەن و شارەکە جێ دێڵن، چونکە چەندین جۆرە ھێزی لێیە؛ لەوانە حەشدی نیشتمانی و حەشدی شەعبی، کە خەڵک بە مەترسییان دەزانن و دەترسن تۆڵەی داعشیان لێ بکەنەوە.''
(محیەدین مزووری) ئاماژەیشی دا: ''بۆ چارەکردنی ئەو کێشانە پێویستە پێش ئەوەی مووسڵ ھەمووی ئازاد بکرێت، ڕێککەوتنێکی سیاسی بە بەشداریی ھەموو لایەن و پێکھاتەکانی مووسڵ بۆ چۆنییەتیی ئیدارەکردنی شارەکە بکرێت، دەنا دۆخی مووسڵ ھێندە ئاڵۆز دەبێت، لە دەست دەردەچێت.''
بڵند ئیبراھیم




