٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

پارێزگای مووسڵ، داوای خەرجكردنی مستەحەقاتی سێ ساڵ لە بەغدا دەكات

سەرچاوە: KDP.info

 

مووسڵ-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا رایدەگەیێنێت، ‌بەغدا مستەحەقاتی سێ ساڵی پێشووی بۆیان خەرج نەكردووە، بۆیە داوا دەكەن ئەو بڕەپارەیەی لای بەغدایە، بۆیان خەرج بكرێت، تا بتوانن ناوچە ئازادكراوەكان ئاوەدان بكەنەوە و ئاوارەكان بە زوویی بگەڕێنەوە.

( سەیدۆ حوسێن تاتانی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "حكوومەتی خۆجێیی پارێزگا و ئەنجوومەن و گشت فەرمانگەكان لەنێو شاری مووسڵدا ئێستا بوونمان هەیە، بۆیە داوا لە حكوومەتی فیدڕاڵی دەكەین میزانییەی بەر لە سێ ساڵی پارێزگای نەینەوا تەرخان بكات، تا بتوانین بە كاروباری خەڵكی خۆمان هەڵبستین و، ئەو ناوچانەی كە ئازاد كراون ئاوەدانیان بكەینەوە، بۆ ئەوەی ئاوارەكان بە زوویی بگەڕێنەوە، چونكە پێویستیمان بە رێكلام و قسەی بێ كردار نییە".

(تاتانی) گوتیشی: "دەبینین بەغدا هاریكار نییە بۆ مووسڵ، لە ساڵی (2014)ـدا مستەحەقاتی شاری مووسڵ زیاتر لە (‌ 900 ) ملیار دینارە و هەمووی نەدراوە، هەروەها ساڵی (2015 )ـیش بە هەمان شێوە نزیكەی (730 ) ملیار دینارە، هەروەها ساڵی 2016 و تا ئێستا مستەحەقاتمان نەگەییشتووە و تەنیا 80% خەرج كراوە، بۆیە داوا لە بەغدا دەكەین مستەحەقاتی مووسڵ خەرج بكات و دەستی هاوكاری درێژ بكات بۆ ئاوەدانكردنەوەی ناوچە ئازادكراوەكان، تەنانەت شنگال و ڕەبیعە و زومماریش نەك تەنیا ناو مووسڵ، كە پێشمەرگە ماوەی دوو ساڵە قارەمانانە بە خوێنی خۆی ئازادی كردوون و دەیانپارێزێت‌".

 

نەشوان بەرزنجی

هەواڵی پەیوەندیدار