عەبادی بەرپاکردنی هەڵمەتی ڕزگارکردنی لای ڕاستی مووسڵی ڕاگەیاند

بەغدا-KDP.info- سەرۆکوەزیرانی عێراق(حەیدەر عەبادی)، ئەمڕۆ یەکشەممە، بەرپاکردنی ئۆپەراسیۆنی 'هاتین نەینەوا'ی بۆ ڕزگارکردنی لای ڕاستی مووسڵی ڕاگەیاند.
(عەبادی) کە هاوکات فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراقە، ڕاگەیاند، "ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ ڕزگارکردنی بەری ڕاستی مووسڵ ڕادەگەیێنین و داعشی لێ ڕادەماڵین وەک چۆن لە ناوچەکانی دیکە وەدەرمان نان.. بە هێزە قارەمانەکانمان ڕادەگەیێنین، بە هەموو هێز و تواناوە ئەو ناوچانەی ماون ئازادی بکەن."
بەر لە ڕاگەیاندنی ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی مووسڵ لە لایەن (عەبادی)ـیەوە، هێزە عێراقییەکان ملیۆنان بڵاوکراوەیان بەسەر دانیشتوانیلای ڕاستی مووسڵدا بڵاو کردووەتەوە و تێیدا داواین لێ کراوە، هاوکاریی هێزەکانی عێراق بکەن وەک چۆن براکانیان لە لای چەپ کردوویانە؛ هاوکات ئامۆژگارییان کردوون لەوەی چۆن خۆیان لە پڕیشکی ئاگری هێرشەکان بپارێزن و لەو ناوچانە دوور بکەونەوە کە تیرۆریستانی داعشی لێن.




