رێژەی بێکاری لە عێراقدا گەیشتە 30%

بەغدا-KDP.info- پەرلەمانتارێکی لیژنەی داراییی عێراق رایدەگەیەنێ، لە ئێستادا 30%ـی عێراقییەکان بێکارن و هۆکارەکەیش ئەوەیە کە زۆرینەی خەڵک پشت بە مووچە دەبەستن.
ئەندامی لیژنەی داراییی پەرلەمانی عێراق (سەرحان سلێڤانەیی) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، رێژەی بێکاری لە عێراقدا گەیشتووەتە 30% و، هۆکارەکەیشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە زۆرینەی عێراقییەکان پشت بە مووچە دەبەستن.
(سلێڤانهیی) ئاماژەیشی دا، ئابووریی عێراق لاوازە و داهات زۆر کەمە، سەرچاوەی سەرەکیی داهات نەوتە و، خەرجییەکانیش تادێ قەبارەیان گەورەتر دەبێ، بۆیە رێژەی بێکاری لە هەڵکشانە.
چارەی ئەو گرفتە لەلای (سلێڤانەیی) بریتییە لە دۆزینەوەی هەلی کار بۆ خەڵک لە دەرەوەی دامەزراوەکانی حکوومەتدا و، گوتی، ناکرێ تێکڕای خەڵک ببێتە مووچەخۆری حکوومەت، هاوکات خەرجییەکانیش کەم بکرێنەوە و سەرچاوەی دیکەی داهات بدۆزرێتەوە.
بڵند ئیبراھیم




