ترەمپ دەست بۆ ناتۆ درێژ دەکات

ئەمەریکا-KDP.info- ترەمپ ئەمجارە ناتۆی کردووەتەوە نیشانە و تەواوی وڵاتانی ئەندامی ناتۆی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردووە؛ بە تایبەت وا خەریکە ناچاریان بکات خۆیان خەرجی ناتۆ بکێشن.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا دەیەوی لە کاتی دەستبەکاربوونی دەست بۆ بابەتێکی هەستیار درێژ بکات ئەویش ناتۆیە، بە جۆرێک کە هەر وڵاتێکی ئەندام لە ناتۆدا دەبێ پارەی خۆی تەرخان بکات بۆ بەرگری لە خۆی لە ئەگەری هەر هەڕەشەیەکدا کە لە چوارچێوەی ئەندامێتی ناتۆدا پارێزگاری لێ دەکرێ، چونکە ئێستا ئەمەریکا لە چوار بەشی خەرجیاتی جەنگی تاتۆدا سێ بەشی پارەکە دەدات، ئەمەیش بە بۆچوونی ترەمپ کارێکی هەڵەیە و دەبێ هەر وڵاتە لەنێو ناتۆدا خەرجی تەواوی خۆی بکێشێت نەک بە تەنیا ئەمەریکا خەرجی ناتۆ بکێشێت.
وڵاتانی ئەندام لە ناتۆدا چاوەڕێی ئەوە بوون کە دوێنێ شکستی ترەمپ لە بەرانبەر هێلەریدا ببێنن، بەڵام بە پێچەوانەوە کاتێ سەرکەوتنی ترەمپیان بینی ئەوا ئێستا لە دڵەڕاوکێدان.
سکرتێری گشتی ناتۆ (ینس ستولتنبێرگ) هۆشداری دا کە گشت وڵاتانی ئەندامی ناتۆ بەرگری لە یەکدی دەکەن بۆ ئەگەری هەر هێرشێک بۆ سەریان و وەک وەڵامێک لە بەرانبەر قسەکانی ترەمپ کە درکاندبووی هەڕەشەی رووسیا زۆر بووە لەسەر ئەورووپا و، بۆ بەرگریکردنی ئەمەریکا لێیانەوە دەبێ پارەی تەواو بخەنە نێو خەرجییەکانی ناتۆدا.
ترەمپ لە ڕوانگەی ئابوورییەوە سەیری سیاسەت دەکات و ناتۆیش دەڵێ، دەبێ لە ڕوانگەی توانستی سەربازی و پلانی جەنگی و سیاسەتی ئەمنییەوە سەیری ناتۆ بکرێ نەک هەر ئابووری.




