هێلەری کلینتۆن ددانی بە شکستەکەیدا نا

ئەمەریکا -KDP.info- هێلەری کلینتۆن لە بەردەم لایەنگران و ئەندامانی کەمپینەکەیدا ددانی نا کە شکستی خوارد و ئەنجامی هەڵبژاردنەکەیشی قەبووڵ کرد.
هێلەری کلینتۆن کە ڕکاربەرایەتیی دۆناڵد ترەمپی دەکرد بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا، ئەمڕۆ توانیی ٢١٨ دەنگی نوێنەران بەدەست بهێنێ، بەڵام نەیتوانی بگاتە ٢٧٠ دەنگ و لە دۆناڵد ترەمپ شکستی خوارد.
هێلەری لە وتارەکەی خۆی لە بەردەم لایەنگران و دەیان بەرپرسی کەمپینەکەیدا، وتی کە ئەو بە داخەوەیە لەوەی نەیتوانی ببێتە سەرۆک، بەڵام ئومێدیش لە دەست نادات و بۆیە خۆی ئامادە دەکاتەوە. هەروەک گوتیشی کە شانازی دەکات لەبەرانبەر ئەو سەرتنەی لە نیۆرکدا بەدەستی هێناو لەتەواوی ویلایەتەکانی دیکە و ئەو کەسانەیشی کە لەگەڵی دا کاریان کرد و دەنگیان بۆ دا.
هێلەری پیرۆزباییی لە ترەمپ کرد و ددانی نا بە دۆڕنەکەیدا و هیوایشی خواست کە ترەمپ سەرکەوتوو بێ وەک سەرۆک و باوەڕیشی وابوو کە سەرکەوتوو دەبێ.
ترەمپ کە بە دەنگی ٢٨٩ نوێنەر لە کوێ گشتی ٥٣٨ دەنگی نوێنەر، بوو بە سەرۆکی داهاتووی ئەمەریکا و بەسەر ڕکابەرەکەی واتە هێلەری کلینتۆندا سەر کەوت، لە یەکەم گوتاریدا وەک سەرۆک بە جیاواز لە گوتارەکانی پێشووتری وەک بەربژێر دەرکەوت و بەڵێنی دا کە سەرۆکی گشت ئەمەریکاییەکان بێ و بەبێ جیاوازیی ئایینی و نەتەوەیی و جیاکاری ئەو کاری سەرۆکایەتی خۆی دەکات.
سەرکەوتنی ترەمپ دوای ئەوە هات کە توانیی لەو ١٥ ویلایەتەی کە بە گۆڕەپانی جەنگی هەڵبژاردن ناسراون، لە نێویاندا کارۆلینای باکوور و فلۆریدا و ئۆهایۆ سەرکەوتن بەدەست بێنێ و ئەمەیش هەر زوو دەرکەوت کە ئەو سەرکەوتنی گرەنتییە لە کاتێکدا کە هێلەری توانیی ٢١٨ دەنگی نوێنەر بەدەست بێنێ.
بەگوێرەی شیکردنەوەی کەنالی سیئێنئێنی ئەمەریکا کە نزیک لە دیموکراتەکانە، هێلەری باجی دەسەڵاتی سیاسیی دا، چونکە خەڵکی ئەمەریکا و دەنگی ئەمەریکا ڕوخسارێکی نوێیان بۆ دەسەڵاتی سیاسی هەڵبژارد کە دەمێک بوو بێزار بووبوون لەو بەڵێنانەی کە بەرپرسانی سیاسی لە هەڵبژاردندا بۆ خەڵک دەیان دا و جێبەجێیشیان نەدەکرد، ترەمپ ئەو بۆشاییەی بینی و لەوێوە پەیامی بۆ خەڵکی ئەمەریکا هەبوو کە ئەو کەسێکی سیاسی نەبووە لەنێو سیستەمی حوکمڕانی سیاسی ئەمەریکا و دەنگێکی نوێیە بۆیە داوای لە ئەمەریکاییەکان کرد کە ئەگەر بیانەوێ خۆیان حوکم بکەن ئەوا دەنگی بۆ بدەن.
لەمێژووی ئەمەریکادا بۆ یەکەمجارە کەسێک بەبێ باکگراوندێکی سیاسی و سەربازی و پسپۆڕی لە حوکمی سیاسەتی ئەمەریکادا کە باکگراوندێکی هەبێ، پێ دەنتە کۆشکەسپی وەک سەرۆکی ئەمەریکا.
ترەمپ، گەشکەیەکی جیهانی بوو لە هەڵبژاردنی ئەمەریکادا دەرکەوت لەگەڵ ئەو ڕەخنانەی کە لێی دەگیرا لەبەرانبەر گوتارەکانی پێوەست بە کۆچ و کۆچبەران و چەکی ئەتۆمی، نەبوونی ئەزموونی حوکمڕانی و بواری ئابووری کە ئێستا جیهان لە ڕووی ئابوورییەوە کەوتووەتە بۆشاییەکەوە کە چۆن مامەڵە لەگەڵ کەشێکی نوێ بکەن لە حوکمی تەرمپدا، لەگەڵ ئەمانەیش هەمووی تەرمپ سەر کەوت.




