تاوتووی پرۆژەیاسای حەشدیشەعبی دواخرا
__2016_11_09_h19m59s4__HK.jpg)
بەغدا-KDP.info- لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا بڕیار بوو پرۆژەیاسای حەشدیشەعبی تاوتوو بکرێت، بەڵام بە زۆرینەی دەنگ دوا خرا.
عەرەفات کەرەم ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا پرۆژەیاسای حەشدیشەعبی خرایە دەنگدان بزانن تاوتوێ بکرێ یاخود جارێ نا؛ بەڵام بە زۆرینەی دەنگ دوا خرا چونکە سوننەکان تێبینییان لەسەر ھەبوو و ڕێگەیان نەدا تاوتوێ بکرێت؛ باسیان لەوە دەکرد پێویستە ڕێککەوتنی لەسەر بکرێت."
عەرەفات کەرەم گوتیشی: "سوننەکان ڕازی نین کە حەشدیشەعبی بکرێتە یاسایی، چونکە وەختی خۆی حەشدیشەعبی زەرەری زۆریان لێیان داوە و، ڕازی نین ئەو پرۆژەیاسایە پەسەند بکرێت؛ داوا دەکەن ھەر پارێزگایەک و ھێزێکی بۆ دروست بکرێت و جارێ یەکلایی نەکراوەتەوە."
کەرەم ڕوونیشی کردەوە، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ گفتوگۆکردن لەبارەی ئەو پرسە بۆ کۆبوونەوەی داھاتووی پەرلەمان دوا خرا کە بڕیارە ٢٦ مانگ کۆ بوونەوە بکرێت و ئێمەش جارێ گەڕاوینەتەوە بۆ ھەرێمی کوردستان.
ئەوەشی خستە ڕوو، ئێمەی کورد ھیچ کێشەیەکمان لەسەر ئەو پرۆژەیاسایە نییە، چونکە ھیچ زیانێکی بۆ ئێمە نییە.
ئەوپەرلەمانتارە باسی لەوەش کرد، شیعەکان دەیانەوێت بە پەسەندکردنی ئەو پرۆژەیاسایە بۆ ھەتاھەتایە حوکمی عێراق بکەن.
بڵند ئیبراھیم




