محەممەد بازیانی: گەر سوپای عێراق هەڵەكانی مالیكی دووبارە بكاتەوە، شوێنیان لە مووسڵ نابێتەوە

هەولێر-KDP.info- چاودێرێكی سیاسی پێی وایە، هەڵگرتنی ئاڵا و دروشمی مەزهەبی لەلایەن سوپای عێراقەوە، كاردانەوەی دەبێت لەلایەن دانیشتووانی شاری مووسڵەوە و دەشڵێ، ئەگەر سوپای عێراق هەڵەكانی پێش هاتنی داعش لە مووسڵ دووبارە بكاتەوە، ئەوا دوور نییە وەك سەردەمی (مالیكی) خەڵكی پێشوازی لە رێكخراوێكی هاوشێوەی داعش بكات.
دكتۆر (محەممەد بازیانی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "هەڵگرتنی ئەو هەموو دروشمەی سوپای عێراق لە شەڕی گرتنەوەی مووسڵدا شتێكی باش نییە، چونكە زۆربەی پێكهاتەی سوپای عێراق شیعەیە و تەنیا دروشمی عێراق بەسە بۆ سوپا نەك ئەو دروشمانەی ئێستا سوپا بەرزی كردوونەتەوە؛ ئاخر وەك ئەوە وایە دەچن تۆڵەی (ئیمام حوسێن) دەكەنەوە. پێشتر (نووری مالیكی) هەمان سیاسەتی چەوتی پەیڕەو دەكرد لە مووسڵ، هەر ئەوەیش بووە هۆكار خەڵكی مووسڵ لە سەرەتادا پێشوازی لە چەكدارانی داعش بكەن، لە كاتێكدا ژمارەی ئەو داعشانەی هاتنە نێو مووسڵ زۆر كەم بوون، بە بۆچوونی من ئەگەر سوپا بەردەوام ئەو ئاڵایانەی تایبەتن بە مەزهەبی شیعە هەڵگرن، رەنگە كاردانەوەی هەبێت لەلایەن خەڵكی شاری مووسڵ، لەبەر ئەوەی زۆربەی عەرەبەكانی مووسڵ سوننەمەزهەبن".
(بازیانی) ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد: "عێراق خۆی دركی بەوە كردووە و، سەرۆكوەزیرانی عێراق خۆی بڕیاری داوە دوای رزگاركردنی شارەكە سوپای عێراق شارەكە جێ دێڵێ و دەگەڕێتەوە شوێنی خۆی، چونكە خەڵكی مووسڵ ئەو سوپایە قبووڵ ناكات، بە پێچەوانەوە ئەگەر ئەوە نەكرێت، پێشبینی دەكرێت هەمان سیناریۆی كاتی هاتنی داعش دووبارە ببێتەوە، چونكە سوپای عێراق بەر لە هاتنی گرووپی تیرۆریستیی داعش زوڵمی لە خەڵكی مووسڵ دەكرد، خەڵك هەرچۆنێك بوو دەیەویست خۆی لەو سوپایە رزگار بكات".
قائید میرۆ




