ترەمپ: بەڵین دەدەم بێ جیاوازی خزمەتی خەڵکی ئەمەریکا بکەم

هەولێر-KDP.info- چلوپێنجەمین سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دۆناڵد رەمپ رایگەیاند، دەبێ ئەمەریکا لەو چەقبەستووییەی دەربازی ببێ و ببێ بە خاوەنی بەهێزترین ئابووری لە جیهاندا. ترەمپ هەروەها ڕایگەیاند، دەبێ کۆماری و دیموکراتەکان وێکڕا کار بکەن لە پێناو ئەمەریکایەکی بەهێزدا.
لەیەکەم وتاری خۆیدا پاش یەکلابوونەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و سەرکەوتنی بەسەر هیلاری کلینتۆندا، دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند، هیلاری پیرۆزبایی سەرکەوتنی لێ کردم، ئێستایش کاتی ئەوەی ئەمەریکا ناکۆکییەکان وەلا بنێ و دیموکراتی وکۆمارییەکان وێکڕا کار بکەین لە پێنا و ئەمەریکادا.
دۆناڵد ترەمپ هەروەها دەڵێ، قەرزاری ئەمەریکام و بەڵین دەدەم خزمەتی ئەمەریکا بکەم. دەبێ پێکەوە و بێگوێدانە ئایین و ڕەگەزی جیاواز کار بکەین و خەونی ئەمەریکا بەجێ بێنین. دەمەوێ بەوەی لە توانامدایە خزمەتی وڵاتەکەم بکەم. چی دی لە ئەمەریکا نابێ کەس لەبیر بکرێ.
گوتیشی، پلانی ئابووریی گرینگمان هەیە و هەوڵ دەدەین بەهێزترین ئابووریمان هەبێ. هیچ شتێ نییە ئێمە نەتوانین بەدەستی بێنین و دەبێ ئەمەریکا لەو چەقبەستووییەی هەیە دەربازی ببێ.




