هێلاری و ترەمپ لە سێ هێڵدا.. جەنگ و دیالۆگ و سایکس پیکۆ

ئەمەریکا-KDP.info- ئێستا خەڵکی ئەمەریکا کە لە دەنگدانە، تا بەیانی دەردەکەوێ کە ئەمەریکا دەیەوێ هێڵی جەنگ یان دیالۆگ بۆ چەند ساڵێ دابێ هەڵبژێرێ، لە کارنامەی ترەمپدا جەنگێکی دیکە بۆ ئەمەریکا چاوەڕوانکراوە و، لە کارنامەی هێلاریشدا دیالۆگ پێشبینیکراوە.
ترەمپ لە دواقسەیدا بۆ مێدیاکاران گوتی، ئەوەی دەیەوێ دەنگ بدات بۆ دەسەڵاتێکی شکستخواردوو با دەنگ بە هێلاری بدات، ئەوەیشی دەیەوێ کە گەل حوکمی ئەمەریکا بكات، با بەبێ دڵەڕاوکێ دەنگم پێبدات.
هەرچی هێلارییە گوتی، کە دەیەوێ ئەمەریکا لەسەر سەرکەوتن بڕوات و سیاسەتێکی دروستی دیپلۆماسی بیباتە ڕێوە و، ئابوورییەکی بەهێزی هەبێ. بەشێوەیەکی گشتی بۆ کارنامەی هەردوو بەربژێر لەم سێ هێڵەدا بەدیار دەکەوێ:
هیڵی گشتی
بڕیاری یەکلاکەرەوە لە کۆنگرێسەوە دەردەچێ، راستە سەرۆکی ئەمەریکا راستەوخۆ خاوەن بڕیارە تا سنووری 30%، بەڵام دواجار دەبێ کۆنگرێس رازی بکات، سەرۆکی نوێی ئەمەریکا دەبێ لەسەر ئەو نەخشەڕێیە بڕیار بدات کە لایەنە یاساییەکە بڕیارەکەی تەواو بکات، بەڵام ئەجێندای کۆمارییەکان و دیموکراتەکان لە هێڵی گشتیی سیاسەتدا لەیەکدی جیان.. کۆمارییەکان زیاتر گرینگی دەدەنە سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا و دیموکراتەکانیش زیاتر دۆخی نێوخۆی ئەمەریکایان لا گرینگە.
هێلاری ئەگەر ببێتە سەرۆک، پێشوەختە رایگەیاندووە کە دەیەوێ لەسەر ئەو بەرنامە ئابوورییە بەردەوامی هەبێ کە ئۆباما بۆ ئەمەریکا هەیبووە و، ئەو دەیەوێ گەشە بە ئابووریی ناوخۆی ئەمەریکا بدات.
هەرچی ترەمپە، بەردەوام دەیەوێ بڵێ ئەو خاوەنی ئەزموونێکی ئابوورییە و سەرکەوتنی باشی ئابووری بەدەست هێناوە، بۆیە ئەو نەخشەڕێی ئابووریی ئەمەریکا دەگۆڕێت. بەڵام شارەزایانی ئابووریی جیهان دەڵێن، کە هێلاری بۆ ئابووریی ئەمەریکا باشترە لە ترەمپ. بەشێوەیەکی گشتی ترەمپ لە کاردانەوەدا سیاسەت دەکات و هێلاری لە نەخشەیەکی تۆکمەی دیپلۆماسییەوە کە باکگراوندێکی زیاتری لە ترەمپ هەیە.
هێڵی سەربازی
لە ڕووی سەربازییەوە پێدەچێ کە ترەمپ دەنگی زۆرینەی هەبێ، چونکە ئەو یەکڕاست گوتوویەتی کە سیاسەتی ئەمەریکا بەرانبەر وڵاتانی جیهان لە شکستدایە و پێویستە ئەمەریکا شکۆی خۆی لە تهواوی جیهاندا بەدەست بهێنێتەوە.
ترەمپ، نموونە بەوە دەهێنێتەوە کە دوای ئەوەی سەربازانی ئەمەریکا لە عێراق گەڕانەوە، ئۆباما شکستێکی گەورەی برد لە مەلەفی عێراقدا. ترەمپ نموونە بە سووریا و میسر و وڵاتانی دیکە دەهێنێتەوە کە ئەمەریکا لە گشت ئەم مەلەفانەدا دۆڕاوە و پێویستە جارێکی دیکە سەرکەوتن بۆ ئەمەریکا بەدەست بهێنێتەوە.
هەرچی هێلارییە لەسەر ئەم مەلەفە کەمترین قسەی هەیە و تەنیا ئەوە دەڵێ کە ئەمەریکا نابێ بەڕێگەی سەربازی دەست بخاتە نێو کاروباری وڵاتانهوه و دەبێ بەڕێگەی دیالۆگەوە کێشەکان چارە بکرێن.
هێڵی دیپلۆماسی و رۆژهەڵاتی ناوین
ترەمپ لە سیاسەتی جیۆگرافیای شوێن لە رۆژهەڵاتی ناوین ناڕوانێ وەک ئەوەی کە ئۆباما تاڕادەیەک ئەم سیاسەتی پێڕۆ کرد، ئەوەی لە ترەمپ دەخوێندریتەوە رەچاوی سیاسەتی جیۆگرافیای گشتیی ناوچەکەیە لە رۆژهەڵاتی ناویندا و ،پێشبینی ئەوەی لێ دەکرێ کە ئەگەر ببێتە سەرۆکی ئەمەریکا رەنگە یەکەم گورزی گەورەی ترەمپ لە نەخشەی جیۆگرافیی سایکس پیکۆ بێ، چونکە ئەو لێكتێگهیشتنی سیاسی لەگەڵ تورکیا و ئێران و سووریا و عێراقدا نییە و بە بەردەوامی ئەو سێ شوێنە بە مەلەفێکی دۆڕاوی ئەمەریکا دەزانێ.
هەرچی هێلارییە، رەنگە ئەوەی کە ئۆباما نەخشەی بۆ داڕشتووە بۆ رۆژهەڵاتی ناوین بە کەمێک گۆڕانکارییەوە زیاتر چاوەڕێی زیاتری لێ نەکرێ، تەنیا ئەوە نەبێ کە ئەو دەڵێ رۆژهەڵاتی ناوین دەبێ ئارام بێ و دوور لە جەنگ بێ.
سبەینێ بە کاتی کوردستان، بۆ ئەمەریکا رۆژێکی نوێیە لە تێگەیشتنی خەڵکدا کە ئایا دەیانەوێ بەرەی جەنگ هەڵبژێرن یان ئەوەتا بەرەی دیالۆگ.
تەنیا کوردی




